ژمارەی قوربانیانی هێرشە خۆکوژییەکەی پاکستان بەرزبووەوە بۆ 15کەس

KNN : Kurdish News Network
12:42 - 10/05/2026
جیهان
+
-

هێرشێکی گەورەی خۆکوژی کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەی بەننو سەر بە هەرێمی خەیبەر پەختونخوا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، بەهۆیەوە لانی کەم 15 کەس کوژران و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

 

 

سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشبەرەکان سەرەتا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان بە بینای بنکەکەدا کێشاوە، بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکەشەوە بیناکە بەتەواوی وێران بووە. پاشان چەکدارەکان چوونەتە ناو حەوشەی بنکەکە و تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیس کردووە.

 

هاوکات، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەو هێزە پاڵپشتییەی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون، کەوتوونەتە بۆسەی هێرشبەرەکانەوە و تەقەیان لێ کراوە. هەروەها هەندێک سەرچاوەی پۆلیس ئاشکرایان کردووە، کە چەکدارەکان لەم ئۆپەراسیۆنەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان (درۆن) بەکارهێناوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، گرووپێکی چەکداری بە ناوی "ئیتیحادولموجاهیدینی پاکستان" بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە خوێناوییە ڕاگەیاندووە.

 

 لە دوای ڕووداوەکەش، لەسەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکانی شاری بەننو باری لەناکاو ڕاگەیەندراوە.

102 جار خوێندراوەتەوە