وێنە مانگ
دەستکردەکان دزەکردنێکی گەورەی نەوت لە گەرووی هورمز و کەناراوەکانی کەنداو ئاشکرا
دەکەن کە ڕووبەرەکەی سەدان کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر
ژینگەی دەریایی و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی 100 ملیۆن کەس لە ناوچەکە دروست دەکات.
بەپێی ئەو
وێنانەی لەلایەن تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ـەوە بڵاوکراونەتەوە، پەڵەیەکی ڕەشی درێژ
لە گەرووی هورمز و نزیک دورگەی قشم دەبینرێت کە بەدرێژایی زیاتر لە هەشت کیلۆمەتر
کشاوە، هاوکات حاڵەتەکانی دیکەی دزەکردنی نەوتیش لە نزیک کەناراوەکانی کوەیت و
دەوروبەری دورگەی لاوان تۆمارکراون.
دزەکردنەکان هێندە بەرفراوانن کە بەڕوونی لە
بۆشایی ئاسمانەوە دەبینرێن و هەرچەندە تا ئێستا قەبارەکەیان بەتەواوی نەپێوراوە،
بەڵام مەزەندە دەکرێت سەدان کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە ڕووبەری دەریاکە گرتبێتەوە.
لە بارەی
لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوە، ئاماژە بەوە کراوە کە جگە لە مەترسییەکانی سەر ژینگەی
دەریایی، گەورەترین هەڕەشە پیسبوونی ئەو 400 وێستگەیەی سازگارکردنی ئاوەیە لە
کەنداو، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی نزیکەی 100 ملیۆن کەسن لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئەم
دزەکردنەی نەوت هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر دورگەی شیدوەر، کە ناوچەیەکی پارێزراوەی
سروشتییە بۆ کیسەڵ و باڵندە دەریاییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتووانی ناوچە کەناراوییەکان
ڕووبەڕووی مەترسی تەندروستی دەکاتەوە بەهۆی ئەگەری بەکارهێنانی ماسی پیسبوو، یان
لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوییان کە بەتەواوی پشتی بە ڕاوەماسی بەستووە.
179 جار خوێندراوەتەوە