سی ئێن ئێن: موجتەبا خامنەیی رۆڵی هەیە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
02:03 - 09/05/2026
جیهان
+
-

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمریکا بڵاویکردەوە، موجتەبا خامنەیی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بەسەختی بریندار بووە، بەڵام هاوکات لە دیاریکردنی ستراتیژیی حکومەتدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکە بەردەوامە لە کارکردن.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن کە ڕۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕوون نییە لە ئێستای ئێراندا کێ بڕیاری کۆتایی دەدات، بەڵام موجتەبا خامنەیی "ئەگەر زۆرە ڕۆڵی هەبێت و یارمەتیدەر بێت" لە بەڕێوەبردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئەمەش لەکاتێکدایە لە هێرشەکەی 28ی شوباتی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵی عەلی خامنەیی لە ناوەڕاستی تاران، کە تێیدا خۆی و دەیان بەرپرسی باڵا کوژران، موجتەبا خامنەییش لەو شوێنەدا بووە و بەسەختی بریندار بووە، بەڵام بە وتەی حکومەت لە ژیاندا ماوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوودا کە ناوی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەندراوە، هیچ تۆمارێکی دەنگی و ڤیدیۆیی نوێی بڵاونەکراوەتەوە. ڕێبەرە نوێیەکە لە شوێنێکی نادیار و بەتەنیا دەپارێزرێت و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە شوێنپێهەڵگرتنی، هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بەکارناهێنێت، هەر بۆیە ئەمریکاش تا ئێستا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی بینراو شوێنەکەی پشتڕاست بکاتەوە.

 

سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەکانییەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، موجتەبا خامنەیی هێشتا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە بۆ چاکبوونەوە لەو برینە سەختانەی بەر دەموچاو، قۆڵ، سنگ و قاچەکانی کەوتوون. زانیارییەکانی هەواڵگریی ئەمریکاش سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو، لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە دەستکەوتوون کە پەیوەندییان پێوەی هەیە.

199 جار خوێندراوەتەوە