ڕاپۆرتێکی
ڕۆژنامەوانی ئاشکرای دەکات، مۆسکۆ بەنهێنی پێشنیازی پێدانی پێنج هەزار فڕۆکەی
بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی بە تاران کردووە، کە سیستەمەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی کاریان
تێناکات، ئەمەش بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
بەپێی ئەو
بەڵگەنامە دزەپێکراوانەی هەواڵگریی ڕووسیا کە گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"ی
بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی سەرەکیی هەواڵگریی ڕووسیا نەخشەیەکی پێشکەش بە
ئێران کردووە بۆ پێدانی پێنج هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مەودا کورت کە بە کێبڵی
فایبەر ئۆپتیک کاردەکەن، لەگەڵ ژمارەیەکی نادیار لە سیستەمی مەودا درێژی
ئاراستەکراو لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە. لە هەمان کاتدا، ڤلادیمیر پوتین،
سەرۆکی ڕووسیا، پێشنیازی کردووە کە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی ئێران بکرێت لەسەر
چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەو چەکانە.
گۆڤارەکە
ئاماژەی بەوە کردووە، پێدەچێت ئەم پێشنیازە نهێنییە 10 لاپەڕەییە لە شەش هەفتەی
یەکەمی پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئامادە کرابێت، هاوکات لەگەڵ
بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باسیان لە تاوتوێکردنی هێرشی زەمینی دەکرد بۆ سەر
ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، بەتایبەتی بۆ سەر دوورگەی خارگ.
بەڵگەنامە
ڕووسییەکە شەش هێڵکاری و نەخشەیەکی دوورگەکانی نزیک کەناراوەکانی ئێرانی تێدایە و
تێیدا ڕوون کراوەتەوە کە چۆن تیمی ئێرانیی مەشقپێکراو دەتوانن بە کۆمەڵە درۆنێک لە
دووری 32 کیلۆمەترەوە هێرش بکەنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان.
لە بەشێکی
دیکەی پلانەکەدا هاتووە، ئەو درۆنانەی بە فایبەر ئۆپتیک کاردەکەن، بەهۆی ئەوەی پشت
بە شەپۆلی ڕادیۆیی نابەستن، ناکرێت لە ڕێگەی تەشویشەوە ڕێگرییان لێ بکرێت و بۆ
هێرشی ورد لە مەودای زیاتر لە 40 کیلۆمەتر بەکاردەهێنرێن. هەروەها هەواڵگریی
ڕووسیا پێشنیازی کردووە درۆنی مەودا درێژی بەستراوە بە تێرمیناڵی ئینتەرنێتی
"ستارلینک" بدرێتە ئێران، و بۆ بەکارهێنانی ئەو سیستەمانەش پێشنیاز
کراوە لەناو نزیکەی 10 هەزار خوێندکاری ئێرانی لە ڕووسیا، لەگەڵ هاووڵاتیانی
تاجیکی و عەلەوییەکانی سووریا کەسانێک دابمەزرێنرێن.
767 جار خوێندراوەتەوە