دۆناڵد ترەمپ حەپەساوە بە نرخی بلیتەکانی مۆندیالی 2026 و دەڵێت نایانکڕم

KNN : Kurdish News Network
09:35 - 08/05/2026
جیهان
+
-

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیالی ٢٠٢٦ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاندەرانی تۆپی پێ ڕووبەڕووی نرخێکی خەیاڵیی بلیتەکانی پاڵەوانێتییەکە بوونەتەوە، بە جۆرێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئامادە نییە ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ بینینی یارییەکان بدات.


پاڵەوانێتییەکە کە دوای زیاتر لە سێ دەیە دەگەڕێتەوە خاکی ئەمریکا، نرخی بلیتی یەکەم یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکە بەرامبەر پاراگوای لە ١٢ـی حوزەیران لە باشووری کالیفۆرنیا لە هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە هاندەرانی چینی ناوەڕاست توانای کڕینیان نەبێت. لەلایەکی دیکەوە، کاندیدێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی نیویۆرک نرخی ٦ هەزار دۆلاری بۆ بلیتی یاریی کۆتایی لە یاریگای مێتڵایف بە "پووچ" وەسف کردووە.


لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە بەرزیی نرخەکان گرت و ڕایگەیاند: "ئەو ژمارەیەم نەدەزانی، بەدڵنیاییەوە حەزم دەکرد لەوێ بم، بەڵام ڕاستگۆ بم لەگەڵتان، منیش ئەو پارەیە نادەم."


لە بەرامبەردا، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، هەوڵیدا بەرگری لە بەرزیی نرخەکان بکات و بە یارییەکانی کۆلێژەکانی ئەمریکای بەراورد کرد، کە وتی: "لە ئەمریکا ناتوانیت تەنانەت یارییەکی کۆلێژیش بە کەمتر لە ٣٠٠ دۆلار سەیر بکەیت، ئەمەش مۆندیالە." بەڵام ڕاپۆرتە وەرزشییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە ئەو بەراوردەی سەرۆکی فیفا هەڵەیە و نرخی بلیتی یارییە گرنگەکانی کۆلێژەکان لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢١٩ دۆلاردا بووە.

202 جار خوێندراوەتەوە