شارەزایانی
کەشناسی ئاماژە بە کۆتاییهاتنی کاریگەریی بارستە هەوا ساردەکەی جەمسەر دەکەن و
ڕایدەگەیەنن، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر
کاریگەریی بارستە هەوایەکی نیمچە گەرم کە لە باکووری ئەفریقاوە سەرچاوەی گرتووە.
بەپێی
پێشبینییەکان، کاریگەریی سەرماکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو تا ڕۆژی شەممە (9ی ئایار) بە
لاوازی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ڕۆژی یەکشەممەوە پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچەکان
بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن. لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا (11 و 12ی
ئایار)، پلەکانی گەرما بە بڕی 3 بۆ 6 پلەی سیلیزی بەرزتر دەبنەوە، بەجۆرێک لە
ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک کەشوهەوای هاوینە دەستپێدەکات و پلەی گەرما دەگاتە
سنووری 35 بۆ 40 پلەی سیلیزی.
هەرچەندە
هەفتەی داهاتوو بە گەرمی دەستپێدەکات، بەڵام شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە وەرزی
بارانبارین و هاتنی بارستە هەوا ساردەکان بەتەواوەتی کۆتایی نەهاتووە. پێشبینی
دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگ بەدواوە، بارستە هەوایەکی ساردی مامناوەند جارێکی دیکە
ڕوو لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بکاتەوە، کە ئەگەری گۆڕانکاریی لە
کەشوهەوا و بارانبارینی لەگەڵدایە، هەرچەندە تا ئێستا جێگیر نییە.
469 جار خوێندراوەتەوە