ئەمریکا ناوچەیەکی ئەمنیی لە گەرووی هورمز دروستکرد

KNN : Kurdish News Network
08:54 - 04/05/2026
کوردستان
+
-

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، کە تیایدا 15 هەزار سەرباز و زیاتر لە 100 فڕۆکە بەشدار دەبن. لە هەمان کاتدا، بەریتانیا هۆشداری دەداتە کەشتییەکان کە ئاستی هەڕەشە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئامۆژگاری کەشتییەکان دەکات کە ئاوە هەرێمییەکانی عومان بەکاربهێنن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، هێزەکانیان بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا کاردەکەن بۆ پشتیوانیکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی دەیانەوێت بە ئازادی بە گەرووەکەدا تێپەڕ ببن. فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئەرکە بەرگرییە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئابووریی جیهان، هاوکات پرۆسەکە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بەردەوامە لە گەمارۆ دەریاییەکەی. لە لایەکی دیکەوە، هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا دەستپێشخەریی "پەیکەری ئازادیی دەریایی"یان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان لە گەرووی هورمز ڕاگەیاندووە.

 

لە پەیوەندی بەم پێشهاتانەوە، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە نزیک گەرووەکە دەبن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی سوپای ئێران بۆ سەر کەشتییەکان. هەروەها زانیاریی پێویست دەدەنە کەشتییەکان سەبارەت بە ڕێڕەوە ئارامەکان کە دوورن لە مینەکانی ئێران.

 

لای خۆیەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئاستی هەڕەشە ئەمنییەکان لە گەرووی هورمز بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە هێشتا لە دۆخێکی هەستیار و مەترسیداردایە.

 

 دەستەکە ئاشکرایکردووە، زانیارییان پێگەیشتووە کە لە دووری 78 میلی دەریایی لە باکووری فجەیرە لە ئیمارات، کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە تەنێکی نادیار پێکراوە، بەڵام سەرجەم تیمەکەی سەلامەتن.

 

بەهۆی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنیی بەهێزکراو لەلایەن ئەمریکاوە و بۆ سەلامەتیی گیانیان، بەریتانیا ئامۆژگاری ئەو کەشتییانە دەکات کە ڕێڕەوی ئاوە هەرێمییەکانی عومان بەکاربهێنن و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەدا بکەن.

301 جار خوێندراوەتەوە