سایلۆی دانەوێڵەی کەرکوک ئاشکرای کرد کە توانای عەمبارکردنی سایلۆکە بەڕێژەی زیاتر لە ٪50 زیادیکردووە
حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکوک ڕایگەیاند، کارەکانی دروستکردنی 16 کۆگای نوێ لە سایلۆی سەرەکیی کەرکوک تەواو بوون کە توانای هەڵگرتنی هەریەکەیان هەشت هەزار تۆنە، بەمەش توانای عەمبارکردنی سایلۆکە بۆ 250 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، چوار گۆڕەپان بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران ئامادە کراون کە پێکدێن لە سایلۆی کەرکوک بە توانای 250 هەزار تۆن، دەستەی یەکەم لە ناحیەی ڕیاز بە توانای 100 هەزار تۆن، دەستەی دووەم لە حەویجە بە توانای 100 هەزار تۆن، لەگەڵ کۆمەڵگەی عەمبارکردنی تازە کە تواناکەی لە نێوان 80 بۆ 100 هەزار تۆندایە
بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکوک ڕایگەیاند کە کارەکانی دروستکردنی سایلۆی کانزایی لە ناحیەی تازە لەلایەن کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەوە بەردەوامە و توانای عەمبارکردنی دەگاتە 60 هەزار تۆن، هاوکات ئاشکراشی کرد کە وەرزی بەبازاڕکردن و وەرگرتنی بەرهەمی گەنم لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست پێدەکات
133 جار خوێندراوەتەوە