شارەزایەکی
بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین کە ناوچە جیاوازەکانی
گرتووەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاریگەرییەکانی دەگاتە هەرێمی کوردستان و
عێراق، کە بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو و دەگمەن بۆ ئەم کاتەی ساڵ
دادەبەزن.
ئاراس جەبار،
شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە دوێنێوە شەپۆلێکی بەفربارین
تورکیای گرتەوە و بەرزاییەکانی ئەو وڵاتەی سپی پۆش کرد، پێشبینی دەکرێت
نزمەپاڵەپەستۆیەکی سارد و جەمسەری ڕوو لە لوبنان، سوریا و باکووری کوردستان بکات.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لە ڕۆژی دووشەممە (4ی ئایاری 2026)، کاریگەریی ئەو هەوا ساردە دەگاتە
ناوچەکانی باکووری سعودیە، عێراق و هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لە کاتی گەیشتنی بەم
ناوچانە تا ڕادەیەک لاواز دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن
و لە شەواندا کەشێکی سارد باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی دەشڵێت: "ئەگەری تاوە باران و بروسکە لە کات و شوێنی
جیاوازدا هەیە، لەگەڵ ئەگەری بەفربارین لە لوتکەی چیا زۆر بەرزەکان کە بەرزییان
سەروو سێ هەزار مەترە، ئەم شەپۆلەش تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت و پلەکانی
گەرما لە خوار ئاستی ئاسایی خۆیانەوە دەمێننەوە."
4374 جار خوێندراوەتەوە