کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، وادەی دەستپێکردنی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە لە 20ی 4ی 2026 دەرگای ناوەندەکانی تۆمارکردن بەڕووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی کۆمیسیاران، بڕیاردرا ڕۆژی 20ی 4ی 2026 قۆناغی تۆماری بایۆمەتری لە 1079 ناوەندی تۆمارکردن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستپێبکات. ئەم قۆناغە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر ناویان تۆمار نەکردووە، لەگەڵ لەدایکبووانی ساڵی 2008 کە بۆ یەکەمجار ناویان دەچێتە ناو تۆماری دەنگدەران
سەبارەت بە ڕێکارەکان، وتەبێژی کۆمیسیۆن ڕوونی کردەوە کە پرۆسەکە وەرگرتنی زانیارییە زیندووەکان (پەنجەمۆری دە پەنجە و وێنەی کەسی) دەگرێتەوە، بە مەرجێک هاوڵاتی تەنها (کارتى نیشتمانی، کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراک)ی پێبێت و ناسنامەی باری شارستانی یان بڕوانامەی ڕەگەزنامە وەرناگیرێت
غەلای وتیشی: "پرۆسەی چاکسازی لە زانیارییەکانی وەک (ناو، ساڵی لەدایکبوون و وێنە) بەردەست دەبێت، هەروەها کەسوکاری کۆچکردووان دەتوانن بە بەڵگەی فەرمی ناوی کۆچکردووەکانیان لە تۆمارەکە بسڕنەوە و کارتە بایۆمەترییەکەیان ڕادەستی ناوەندەکان بکەنەوە
لەبارەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدان لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر یان لەناوخۆی پارێزگاکان، کۆمیسیۆن جەختی کردەوە کە لەم قۆناغەدا ڕێگەی پێنادرێت و لە قۆناغەکانی داهاتوودا بڕیاری لێدەدرێت. هاوکات داوا لە هاوڵاتیان و لەدایکبووانی 2008 کرا لە کاتی دەوامی فەرمیدا سەردانی ناوەندەکان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوەکانیان
126 جار خوێندراوەتەوە