عەتاوڵا
تەرار، وەزیری زانیاریی پاکستان، لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی
"ئێکس"، ئاشکاری کرد تا ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی تارانین بۆ بەشداریکردن
لە کۆبونەوەکانی ئیسلام ئاباد
هەواڵ: KNN
وەزیری زانیاریی پاکستان لە پۆستەکەیدا ئاماژەی
بەوە کردووە کە وڵاتەکەی وەک نێوەندگیرێک هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ هێورکردنەوەی
گرژییەکان، بەڵام تا ئێستا تاران وەڵامی فەرمیی نەداوەتەوە سەبارەت بە ناردنی شاندەکەی
بۆ بەشداریکردن لە "گفتوگۆکانی ئاشتی لە ئیسلام ئاباد".
ئەو وەزیرەی پاکستان لە نوسینەکەیدا ئاماژەی
بەوەشکردوە، تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی
ڕاگەیەندراوە. بەپێی وتەی وەزیری زانیاری پاکستان ، کاتژمێر ٤:٥٠ی بەرەبەیانی سبەی
چوارشەممە (٢٢ی نیسان) بە کاتی ناوخۆیی پاکستان، وادەی ئاگربەستەکە کۆتایی دێت.
وتیشی: حکومەتی
پاکستان چاوەڕێی "پشتڕاستکردنەوەی فەرمی"یە لە لایەن تارانەوە بۆ ناردنی
شاندێکی باڵا، تاوەکو بتوانرێت خولی دووەمی گفتوگۆکان دەستپێبکات.
عەتاوڵا تەرار جەختی کردۆتەوە کە بڕیاری ئێران
بۆ بەشداریکردن لەم کاتەدا "زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوەیە"، چونکە تەنها ڕێگەی
دیپلۆماسی دەتوانێت ڕێگر بێت لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.
98 جار خوێندراوەتەوە