ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی کتوپڕ و کوشندە دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 21/04/2026
جیهان
+
-

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ئامادەی وەڵامدانەوەی خێرا و یەکلاکەرەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەکن لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هاوکات جەخت لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز دەکاتەوە.

 

لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی "گورزە کوشندە و وێرانکەرەکانی" موشەک و درۆنەکانی هێزەکانیانەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی شکست هاتوون و ناچار بوون بە لاوازییەوە داوای ئاگربەست بکەن.

 

 وتیشی: هێزە چەکدارەکان بە تەواوی ئامادەن بۆ هەر پێشهاتێک و خەڵکی ئێرانیش بە بەشداریکردنیان لە گۆڕەپانەکاندا، بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی سوپا و پارێزەرانی نیشتمان.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران هۆشداریی دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند، هێزەکانیان باڵادەستن و ڕێگە بە سەرۆکی ئەمریکا نادەن چیرۆکی درۆ و چەواشەکارانە لەسەر دۆخی مەیدانی و قۆناغی بێدەنگیی سەربازی بڵاوبکاتەوە، بەتایبەت لە پرسی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزدا، جەختیشیکردەوە کە بە توندی وەڵامی هەر پێشێلکارییەکی ڕێککەوتنەکان دەدەنەوە.

237 جار خوێندراوەتەوە