سوپای ئەمەریکا
وردەکاریی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی بەناوی "تۆسکا" ئاشکرا
کرد، کە لە دەریای عەرەبی هەوڵی شکاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی دەدا کە لەلایەن
واشنتنەوە سەپێنراوە و سوپای ئێرانیش دەڵێت لەبەر بوونی کەسانی مەدەنی
وەڵامیان نەبووە، بەڵام دواجار تۆڵەی دەکەنەوە.
فەرماندەیی
ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەشتیی جەنگیی "یو
ئێس ئێس سپرۆنس" ڕێگریی لە کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی بەناوی
"تۆسکا" کردووە، ئەوەش لەکاتێکدا کەشتییەکە بەنیازبووە بەپێچەوانەی
گەمارۆکانەوە بەرەو بەندەرێکی ئێرانی بڕوات.
لە
بەیاننامەکەی سێنتکۆمدا هاتووە: "دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش کاتژمێر بەردەوام
هۆشداریی درایە تیمی کەشتیی تۆسکا و پابەند نەبوون، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمەریکا
فەرمانی پێکردن ژووری بزوێنەرەکان چۆڵ بکەن، دواتر بە تەقەکردن لە ژوورەکە، سیستمی
جووڵەی کەشتییەکەیان پەکخست".
هاوکات سێنتکۆم
گرتەیەکی ڤیدیۆیی هێزەکانی مارێنزی ئەمەریکای بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت،
لەڕێگەی کۆپتەرەوە لە دەریای عەرەبی دادەبەزنە سەر کەشتییە بارهەڵگرە ئێرانییەکە و
کۆنتڕۆڵی دەکەن. فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای جێبەجێکردنی گەمارۆکەوە
تا ئێستا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فەرمانی گەڕانەوەی بە ٢٥ کەشتیی
بازرگانی کردووە.
لەبەرامبەردا ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا
رایگەیاند: "دوای دەستدرێژی ئاشکرای ئەمریکییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی
ئێران لە دەریای عومان، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەبوون بە توندی بەرپەرچی ئەو
دەستدرێژییە بدەنەوە، بەڵام بە هۆی بوونی هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی تیمی
کەشتیوانی کەشتییەکەوە و لە پێناو پاراستنی گیانیان، هیچ هەنگاوێکمان نەنا".
جەختیشی کردووەتەوە: "بەلەبەرچاوگرتنی
ئەوە و دوای دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی بنەماڵەکان و ئەندامانی تیمی کەشتیوانی،
هێزەکانمان بە توندی بەرپەرچی ئەو کردەوەیەی ئەمریکا دەدەنەوە".
134 جار خوێندراوەتەوە