وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرشێکی توندی کردە سەر سەرۆک کۆماری تورکیا
و بە "پڵنگی سەر کاغەز" ناویبرد، هاوکات ئەنقەرەی بە ئەنجامدانی
کۆمەڵکوژی دژی کورد تۆمەتبار کرد
لە
نوێترین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تەل ئەڤیڤ و ئەنقەرەدا، یسرائیل کاتز، وەزیری
بەرگریی ئیسرائیل، پەیامێکی توندی ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و ڕایگەیاند؛
پێویستە ناوبراو لە ئاست ئیسرائیلدا بێدەنگ بێت
کاتز لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەردۆغان تەنها "پڵنگێکی سەر کاغەزە" و ئەم
لێدوانەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تورکیا نەیتوانیوە وەڵامی ئەو مووشەکانە بداتەوە
کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی ناوچە سنوورییەکانی تورکیا کراون
وەزیری
بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد: "ئەردۆغان لەبەر لاوازییەکەی پەنا بۆ
لێدوانی دژە جوولەکە دەبات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، کاتز پرسی کوردستانی
وەک کارتێکی فشار دژی تۆمەتەکانی تورکیا بەکارهێنا و وتی: "پیاوێک کە
کوردەکانی کۆمەڵکوژ کردبێت، مافی ئەوەی نییە تۆمەتی جینۆساید بداتە پاڵ ئیسرائیل،
کە تەنها بەرگریی لە خۆی دەکات
لە
کۆتایی لێدوانەکەیدا، کاتز جەختی لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ
پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئامۆژگاریی ئەردۆغانی کرد کە "بە بێدەنگیی
دانیشێت و هیچ نەڵێت، چونکە لێدوانەکانی هیچ لە ڕاستییەکان ناگۆڕن."
ئەم
ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان هەردوو وڵات لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2026دا
پەیوەندییەکانیان گەیشتووەتە نزمترین ئاست، بەتایبەت دوای ئەوەی دادگاکانی تورکیا
بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل دەرکردووە.
25 جار خوێندراوەتەوە