واشنتن و تاران لە پاکستان دەست بە دانوستانی ڕاستەوخۆ دەکەن
ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەینێ شەممە، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، خولێکی نوێی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی هەمیشەیی دەستپێبکات؛ لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریکا داوای ئازادکردنی هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانی لای تاران دەکات
بۆ سەرۆکایەتیکردنی شاندی وڵاتەکەی لەم خولە یەکلاکەرەوەیەدا، ئەمڕۆ هەینی، جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا واشنتنی بەرەو ئیسلام ئاباد بەجێهێشت
ڤانس پێش گەشتەکەی ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ ڕێنمایی زۆر ڕوون و دیاریکراوی پێداوین سەبارەت بەو کارنامەیەی کە پێویستە لە دانوستانەکانی پاکستان پەیڕەوی بکەین
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن کە حکومەتی پاکستان سەرکەوتوو بوو لە چەسپاندنی ئاگربەستێکی کاتیی دوو هەفتەیی لە نێوان هەردوولا، کە لە بەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردووەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەوڵانە وەک سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە دادەنرێت کە لە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە.
27 جار خوێندراوەتەوە