بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبونەوە

KNN : Kurdish News Network
12:46 - 06/04/2026
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی هەردولا و دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكان و دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن و جەخت لە پێویستی یەكڕیزی و پاراستنی هەرێمی كوردستان لە ئاڵۆزیەكان دەكەنەوە.


لە چوارچێوەی زنجیرە سەردانەکانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە (٦ی٤ی٢٠٢٦)، شاندی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە پێکهاتون لە (دلێر عەبدولخالق، شاخەوان ڕەئوف بەگ، چۆمانی محەمەد و ڕۆڤان سەروەت) سەردانی بارەگای یەكگرتووی ئیسلامیان كرد لە شاری سلێمانی و لەلایەن شاندێكی مەكتەبی سیاسی كە پێكهاتبون لە مستەفا عەبدوڵا، عوسمان كاروانی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و د. ئەمجەد محمد بەرپرسی مەكتەبی كارگێڕی و مەهدی مەحمود كارگێڕی مەكتەبی حكومەت و پەرلەمان پێشوازیان لێكرا.


دوای كۆبونەوەكە، عوسمان كاروانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و چۆمان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ئامانج و ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان خستەڕوو.


هەردولا گرنگی پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان و یەكگڕیزی نێوان لایەنە سیاسیەكان دووپاتكردەوە و جەختیان لە پێویستی كاری پێكەوەیی و یەكخستنی گوتاری نیشتمانی كردەوە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە شەڕ و ئاڵۆزیەكان.


لای خۆیەوە، چۆمان محەمەد ڕایگەیاند: "لە درێژەی سەردانەکانمان بۆ لای هێز و لایەنە سیاسییەکان، بیروڕامان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بەو مێژووە پرشنگدارەی کە پێکەوە لە سەنگەری ئۆپۆزسیۆندا هەمانبووە، لە ڕابردوودا بەهۆی دروستبوونی بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان لەلایەن (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو)ەوە، توانرا هیوایەک بۆ شەقامی سیاسی و خەباتی پەرلەمانی بگەڕێندرێتەوە، ئامانج لەم سەردانەش هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کارێکی پێکەوەیی و هەنگاونان بە دیدگا و نەخشەڕێگایەکی نوێوە بۆ قۆناغی داهاتوو.


سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، هۆشداری دا لەوەی کە هەرێمەکە لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە و وتی: "ئەو هێرشانەی ئێستا دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی دیکە، دژی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەیەتی، بۆیە ئەولەویەتی کاری ئێستامان دەبێت بۆ ئەوە بێت چۆن بتوانین قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین."


لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن بۆ ڕێگریکردن لەو دەستوەردان و پەلامارانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.









79 جار خوێندراوەتەوە