دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،
پێشکەوتنی گەورەی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران ڕاگەیاند و
ئاشکرای کرد کە توانراوە نزیکەی 90٪ی توانای موشەکیی ئەو وڵاتە تێکبشکێنرێت.
ترەمپ لە کۆمەڵە لێدوانێکی نوێدا ئاماژەی بەوە
کرد کە هێرشە سەربازییەکان "بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان و ڕێگری لە ئێران بۆ دەستکەوتنی
چەکی ئەتۆمی" بووە، جەختیشی کردەوە کە تاران تەنها چوار هەفتەی مابوو بگاتە چەکی
ئەتۆمی ئەگەر گورزەکانی ئەمریکا نەبایە.
هەواڵ: KNN
سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانی
"ناتۆ" گرت و بە "پڵنگی سەر کاغەز" ناوی برد، چونکە بە وتەی ئەو
هاوکار نەبوون لەم پرۆسەیەدا.
سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکان، ترەمپ وتی:
"ئێرانییەکان دەیانەوێت دانوستان بکەن بەڵام بە پێچەوانەوە لێدوان دەدەن".
هۆشداریشی دا کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی گونجاو نەیەتە کایەوە، بۆردومانەکان بێ وەستان
بەردەوام دەبن.
لە لایەکی ترەوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند
کە "سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکێنراوە". هاوکات مارکۆ ڕوبیو، وەزیری
دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە تێکشکاندنی تواناکانی ئێران هەنگاوێکە بەرەو
"جیهانێکی باشتر".
هاوکات ستیڤ ویتکۆف،
نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست، ڕایگەیاند کە هەموو ڕێگا ئاشتییانەکان
تاقیکرانەوە بەڵام لایەنی ئێرانی کاتیان بەفیڕۆ دا، جەختیشی کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی
داهاتوو بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادات بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببوژێنێتەوە
74 جار خوێندراوەتەوە