بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکی و درۆنییانە دەکات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە سنووری قەزای خەلیفان کردە ئامانج. بزوتنەوەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتخوازانەی کردووە و نەیویستووە ببێتە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکات، بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێم و گیانی هاوڵاتیان و هێزە چەکدارەکان لە ئەستۆ بگرن.
هەر لە بەیاننامەکەدا، گۆڕان جەختی لە پێویستیی یەکگرتوویی ناوخۆیی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەم پەرەسەندنە نوێیانە پێویستییان بە یەکگوتاریی هێزە سیاسییەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی نیشتمانیی هاوسەنگ هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان."
دەقی ڕاگەیەندراوەکە
گۆڕان سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە دەکات
هاونیشتمانیانی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..
بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکی و درۆنییە ناڕەوایە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنوری قەزای خەلیفان کردە ئامانج و بوەهۆی شەهیدبونی شەش پێشمەرگە و برینداربونی ژمارەیەک لە پارێزەرانی نیشتمان.
وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان، جەخت دەکەینەوە، کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتخوازانەی کردوە و نەبوە بەشێک لە ئاڵۆزی و ململانێکان. هەربۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵ و نوێنەرانی کورد لە دامەزراوە فیدڕاڵیەکان دەکەین، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێم و، گیانی هاوڵاتیان و هێزەکان لە ئەستۆ بگرن و سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابندرێت.
بۆ ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیش، ئەم پەرەسەندنە پێویستە بە یەکگرتویی و یەکگوتاری هێزە سیاسیەکان و ئامادەکاری زیاتر هەیە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی کوردستانی و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و ڕەوا.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦
132 جار خوێندراوەتەوە