دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7) ڕایگەیاند، ئێران لە لێواری "خۆبەدەستەوەدان"دایە. ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران لە یەکەم پەیامیدا دوای دەستبەکاربوونی، بەڵێنی بەردەوامبوونی شەڕ و تۆڵەکردنەوەی خوێنی "شەهیدەکان" دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سێ بەرپرسی وڵاتانی گرووپی حەوتەوە دزەیان کردووە، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا شانازیی بە ئەنجامەکانی پرۆسەی سەربازیی (Epic Fury) کردووە و وتوویەتی: "من لەو شێرپەنجەیە ڕزگارم کردن کە هەڕەشەی لە هەموومان دەکرد". ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا هیچ بەرپرسێکی باڵا لە تاران نەماوە تاوەکو بڕیاری خۆبەدەستەوەدان بدات، بۆیە کەس نازانێت کێ ڕێبەرە.
لە بەرامبەردا، موجتەبا خامنەیی لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر گەرووی هورمز و کردنەوەی بەرەی نوێی جەنگ لەو شوێنانەی کە دوژمن "لاوازە" تێیدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە ١٠٠ دۆلاری تێپەڕاندووە و مەترسیی قەیرانێکی ئابوریی جیهانی دروست کردووە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرکردەکانی ئەوروپا (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا) داوایان لە ترەمپ کردووە ڕێگری بکات لەوەی ڕووسیا سوود لەم قەیرانە وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بۆ ماوەی مانگێک سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیای هەڵپەسارد بەو مەرجەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە نەبێت، ئەوەش بە مەبەستی جێگیرکردنی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ بە شێوەیەکی تەنزئامێز هێرشی کردووەتە سەر کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەهۆی ئەوەی سەرەتا ڕێگەی نەداوە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنرێن و پێی وتووە: "دەبوو پێش دەستپێکردنی شەڕ ئەو پێشنیازەت بکردایە، ئێستا زۆر درەنگە و پێویستمان بە هاوکاریت نییە".
169 جار خوێندراوەتەوە