وەزارەتی نەوت: گەیشتنی هەناردەی نەوت بۆ چوار ملیۆن بەرمیل تەنها بۆ یەک ڕۆژ بووە

KNN : Kurdish News Network
09:09 - 21/09/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی گەیشتنی قەبارەی هەناردەی نەوتی خاو بۆ چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ ئەو بڕە تەنها بۆ یەک ڕۆژ تۆمارکراوە.

 

وەزارەتی نەوت لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری تۆمارکردنی ئەو ژمارەیە لەو ڕۆژەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بڕێک لە نەوتی خاوی لە دەرەوەی گەرووی هورمز هەناردە کردووە. ئەوەشی خستەڕوو، کەشتییەکە نەوتی خاوی گەیارەی هەڵگرتبوو، ئەوەش سەرباری ئەو بڕانەی تر کە بۆ هەناردەکردن و فرۆشتن لە بەندەرەکانی باشوور و دەروازەی باکوورەوە بارکراون، کە بەپێی خشتەی بارکردن و دوای تەواوبوونی قەبارەی ئابووریی گونجاو بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەگوازرێنەوە.

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئەیلولدا و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕوونکردنەوەیە، نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، کە ئەم بڕەش بەپێی ئەو قەبارەیەی چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی ماوەی ئەم مانگەدا هەناردە بکرێت، گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

 

هاوکات وەزارەتی نەوت پێی وایە، بەدەستهێنانی ئەم ڕێژەیە لە هەناردەکردن لەم هەلومەرجەی ئێستادا و لەگەڵ بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز، دەستکەوتێکی گەورەیە و پەرۆشیی وەزارەتەکە نیشان دەدات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی هەناردەکردن بە بەرزترین ئاستی توانراو، بەمەبەستی دابینکردنی داهاتی دارایی پێویست بۆ خەزێنەی گشتیی وڵات.

141 جار خوێندراوەتەوە