پەرلەمانی عێراق بێ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
07:16 - 07/02/2026
عێراق
+
-

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار جێگەی نەکراوەتەوە.

 

هەواڵ:  KNN

 

کارنامەکە تەنها لە دوو بڕگە پێکهاتووە: سوێندخواردنی بەشێک لە ئەندامانی نوێی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکان.

 

هاوکات لەگەڵ ئەم جموجۆڵە پەرلەمانییەدا، بڕیارە سبەینێ هاوپەیمانی "ئیدارەی دەوڵەت" کە لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەت (کورد، شیعە و سوننە) لەخۆدەگرێت، لە بەغداد کۆببێتەوە. مەبەستی سەرەکی کۆبوونەوەکە تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و یەکلاکردنەوەی کاندیدانی هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانە.

 

لە لایەکی دیکەوە، ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت بەردەوامن؛ لەسەر ئاستی ناوماڵی کورد، پارتی و یەکێتی تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و پێشبینی دەکرێت بە دوو کاندیدی جیاواز بچنە پەرلەمان. لەسەر ئاستی ماڵی شیعەش، ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران قووڵبوونەتەوە، بەتایبەت لەگەڵ سوربوونی نوری مالیکی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە سەرەڕای هەبوونی ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان

139 جار خوێندراوەتەوە