سندوقە ڕەشەکەی جێفری ئیپستین دەکرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:10 - 07/02/2026
جیهان
+
-

دوای ساڵانێک لە بێدەنگی و مانەوە لە پشتی دیوارە توندەکانی زیندان، گیسلین ماکسوێڵ، ئەو ژنەی وەک "کۆڵەکەی سەرەکی" و "ئەندازیاری" تۆڕە گوماناوییەکەی جێفری ئیپستین دەناسرێت، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە (9ی شوباتی 2026) لەبەردەم لیژنەی چاودێری کۆنگرێسی ئەمریکا گەواهیی بدات.


جێمس کۆمەر، سەرۆکی لیژنەی چاودێری کۆنگرێس، پشتڕاستی کردەوە کە ماکسوێڵ لە ڕێگەی "ڤیدیۆ کۆنفرانس"ەوە لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبێت. هەرچەندە پارێزەرەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو پەنا دەباتە بەر "مافی بێدەنگبوون" (بۆ ئەوەی تاوان بەسەر خۆیدا ساغ نەبێتەوە)، بەڵام کۆنگرێس سوورە لەسەر لێپرسینەوە و دەرخستنی ڕاستییەکان.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرای کردووە هێشتا دو ملیۆن بەڵگەنامە لە دۆسیەی جێفری ئیپستین بڵاونەکراونەتەوە، کۆنگرێس دەیەوێت لە ڕێگەی ماکسوێڵەوە قوفڵەکانی ئەو نهێنییانە بکاتەوە.


ئەم دانیشتنە تەنها بۆ ماکسوێڵ نییە، بەڵکو کۆنگرێس خەریکی تاوتوێکردنی بڕیارێکی مێژووییە بۆ تۆمەتبارکردنی بیڵ کڵینتن و هیڵاری کڵینتن بە "بێڕێزیکردن بە دادگا" (Contempt of Court)؛ ئەمەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەردەوامیان بۆ ئامادەبوون و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جێفری ئیپستین.


بۆ ڕێگریکردن لە هەر "ڕووداوێکی گوماناوی" هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 2019دا بەسەر جێفری ئیپستیندا هات (کە ڕاگەیەندرا لە زینداندا خۆی کوشتووە)، ژووری زیندانییەکەی گیسلین ماکسوێڵ خراوەتە ژێر چاودێریی توندی 24 کاتژمێرییەوە، تاوەکو بە سەلامەتی بگاتە کاتی گەواهیدانەکە.

گیسلین ماکسوێڵ کێیە؟
کچی ئیمپراتۆری میدیایی "ڕۆبێرت ماکسوێڵ"ی ملیاردێر و خاوەنی پێشووی ڕۆژنامەی میرۆرە؛ ئەو لەناو جەرگەی دەسەڵات و سامانی بەریتانیا و ئەمریکادا گەورە بووە.

لە ساڵانی 1990کاندا بوو بە هاوبەشی سەرەکی جێفری ئیپستین. ئەرکی ئەو تەنها هاوڕێیەتی نەبوو، بەڵکو "ڕاوکردن" و ڕاکێشانی کچانی مێردمنداڵ بوو بۆ ناو جیهانی ئیپستین و دابینکردنیان بۆ کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی جیهان.

دوای ساڵانێک لە خۆشاردنەوە، لە ساڵی 2020 لە ڤێلایەکی گەورە لە نیو هامپشایەر دەستگیرکرا. لە ساڵی 2022دا، لە دادگایەکی مێژووییدا لە نیویۆرک، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و سێکس و ڕاکێشانی منداڵان تاوانبار کرا و سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

چاوەڕوانییەکان چین؟
ئەم شاهێدییە دەتوانێت ناو و وردەکاریی نوێ دەربارەی ئەو کەسایەتییە جیهانییانە ئاشکرا بکات کە ساڵانێک لە "دوورگەی ئیپستین" بوون. هەروەک جێمس کۆمەر دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت بزانین کێ لە پشت ئەم تۆڕە بووە و بۆچی وەزارەتی داد ساڵانێکی زۆر بێدەنگ بووە."

59 جار خوێندراوەتەوە