مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هۆشداریی دەدەنە حکومەت
ئەنجومەنی سەرتاسەریی
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرش دەکەنە سەر دەسەڵاتدارانی
هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنن کە سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنە
نەوتییەکان، کێشەی مووچەخۆران نەک چارەسەر نەکراوە، بەڵکو قووڵتر بووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە
ئەمڕۆ سێشەممە (٣ی شوباتی ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، ئەنجومەنەکە دەسەڵات بە "بێباک
و بەرپرسیار لە قەیرانەکان" وەسف دەکات و پێنج داواکاریی سەرەکی بۆ ئاساییکردنەوەی
دۆخی مووچەخۆران دەخاتە ڕوو:
١. ڕەتکردنەوەی
"هەژماری من": پێویستە بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی
بەشدارییان لە پڕۆژەی (هەژماری من) نەکردووە، بەزووترین کات هەڵبووەشێتەوە.
٢. دەستپێکردنەوەی
پلەبەرزکردنەوە: دەستبەجێ پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانی
دەستپێبکاتەوە کە چەندین ساڵە ڕاگیراوە.
٣. چارەنووسی
مووچە فەوتاوەکان: یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی (١١ و ١٢)ی ساڵی
ڕابردو یەکلابکرێتەوە
٤. دامەزراندنی
گرێبەستەکان: بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە تەواوی
دامودەزگاکانی حکومەتدا.
٥. پشتیوانی
ناڕەزایەتییەکان: بەردەوامی و پشتیوانیکردنی هەموو هەڵوێستێکی مەدەنی بۆ ڕەتکردنەوەی
سیاسەتی برسیکردن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا،
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هۆشداری دەداتە حکومەت و ڕایدەگەیەنێت:
"ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، ئامادەکاری دەکەین بۆ هەڵوێستی توند
و سەرتاسەریی لە هەموو هەرێمی کوردستاندا." جەختیشیان کردووەتەوە کە چیتر لە
ئاست "مووچەبڕین و دزینی شایستە داراییەکانیان" بێدەنگ نابن
172 جار خوێندراوەتەوە