چەکدارانی سوپای سوریا،
دوو هاووڵاتی مەدەنی یەک خێزان دەکوژن و ئەندامانی جەستەیان لێدەکەنەوە و باوکی
کچێک کە تەرمی مناڵەکەی باوجۆرە دەبینێت بە لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت فیشەکتان
پێنەبوو کچەکەم بکوژن تا بەوجۆرە بە ئەشکەنجەوە بیکوژن؟
هەواڵ:KNNC
کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ڕایگەیاند: لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی
دووەمدا، چەکدارانی حکومەتی نوێی سوریا لە شاری ڕەقە، هاووڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی
«فەرید ڕەبیع بەکر - تەمەن ١٦ ساڵ» دەکوژن و دوای کوشتنیشی سەری لە لاشەی جیا دەکەنەوە.
دواتر تەرمی هاووڵاتییەکە دەگوازنەوە بۆ حەلەب و لەدوای ١١ ڕۆژ، تەرمەکەی ڕادەستی
خێزانەکەی دەکرێتەوە و لە گوندی مەیدانو لە عەفرین دەنێژرێت.
ڕۆژی دواتر و لە ١٩ی
کانوونی دووەمدا، پورزایەکی فەرید بە ناوی «ئایە عیزەت سیراج - تەمەن ٢٢ ساڵ» لە ڕەقە
دەستگیردەکەن. دوای لێدان و ئەشکەنجەدان ئایە گیان لەدەستدەدات. دواتر دەست و قاچی
چەپی ئەو کچە لێدەکەنەوە و بەشێکی جەستەی دەسوتێنن. دوای ئەوەی خێزانی ئایە، وێنەی
کچەکەیان بە کوژراوی لە سۆشیاڵ میدیا دەبینن، پەیوەندی بە هێزەکانی حکومەتی نوێی
سوریاوە دەکەن و داوای تەرمەکەی دەکەنەوە. باوکی ئایە، بە چەکدارانی حکومەتی سوریا
دەڵێت «فیشەکتان پێنەبوو بیکوژن؟ بۆچی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتتان؟ بۆچی پارچە پارچەتان
کرد و سوتاندتان؟». بەهۆی ڕەخنەکانیەوە، باوکی ئایە لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمەوە
دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا بێسەر و شوێنە. تەرمی ئایە هێشتا ڕادەستی خانەوادەکەی
نەکراوەتەوە و حکومەتی سوریا داوای ($١،٠٠٠)ی ئەمریکی دەکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی.
ئەو خێزانە، خەڵکی حەلەبن
و پێشتر ئاوارەی شاری عەفرین بوون، دواتریش بۆ شەهبا و تەبقا و ڕەقە چوار جار
ئاوارەبوون.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT لە ڕێگەی وەرگرتنی گووتەی گەواهیدەران، ئەنجامدانی
چاوپێکەوتن، ڕاستاندنی وێنە و ڤیدیۆ، ئەم پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤی پشتڕاستکردۆتەوە
و بەڵگاندنی بۆ کردوون.
339 جار خوێندراوەتەوە