پەرلەمانتارێکی پارتی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم موچەی هەرێمدا نییە

KNN : Kurdish News Network
03:02 - 01/02/2026
کوردستان
+
-

پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم موچەی هەرێمدا نییە و چاوەڕوان دەکرێت بە زووترین کات موچە لەلایەن عێراقەوە بنێردرێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

سیپان شێروان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نییە، چونکە لە ئێستادا و تا کاتی پەسەندکردنی یاسای بودجە، عێراق کار بە سیستەمی یەک لەسەر دوازدەی ساڵی ڕابردو دەکات کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشی تێدایە.

 

ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ کەی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کرد، کە هەردو حکومەتی هەولێر و بەغدا پابەندیی خۆیان بۆ میکانیزم و ڕێکارەکانی پێشو دوپات کردوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە زوترین کاتدا و بەبێ دواکەوتن موچە ڕەوانەی هەرێم بکرێت.

سەبارەت بە چارەنوسی ڕێککەوتنی نێوان هەردو حکومەت، سیپان شێروان ئاشکرای کرد کە هەردو حکومەت تا 31-3-2026 لەسەر هەمان ڕێککەوتنی پێشوی هەناردەکردنی نەوت و ناردنی پارە بەردەوام دەبن، بەڵام دوای ئەو بەروارە بابەتەکە دەکەوێتە ناو وردەکارییەکانی یاسای نوێی بودجە. 

 

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە عێراق کێشەی نەختینەی نییە بەڵکو ڕوبەڕوی کورتهێنانی دارایی بوەتەوە، بەجۆرێک کە داهاتەکان بەشی داپۆشینی تەواوی خەرجییەکانی حکومەت ناکەن.

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە هۆکارەکانی جێگیرنەبونی نرخی دۆلار، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوە کرد کە ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، پرسی قاچاخی دۆلار و پابەندنەبون بە بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبوە، هاوکات دابەزینی داهاتی نەوت بوەتە هۆی کەمبونەوەی لێشاوی دۆلار بۆ ناو عێراق، ئەمەش وەک تەحەدایەکی گەورە لەبەردەم حکومەتدا ماوەتەوە.

310 جار خوێندراوەتەوە