یەکێتی: هیچ ڕێککەوتنێک بۆ گۆڕینەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بەرامبەر پۆستێکی هەرێم لەئارادا نییە

KNN : Kurdish News Network
12:35 - 01/02/2026
کوردستان
+
-

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هۆکاری نەبوونی نیسابی یاسایی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی پێویست بوو لە نێوان لایەنەکاندا بکرێت، ئەنجام نەدراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکان تەنها پەیوەست نین بە لایەنی کورد، بەڵکو لە ناو ماڵی شیعە و سوننەشدا تێبینی و ناکۆکی لەسەر پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە.


سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی جەختی کردەوە کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە فەرمی یەکلا کردووەتەوە و ئەمە بە "ئیستحقاق و مافی" خۆیان دەزانن. بڕیاریشە تیمێکی چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتار) سەردانی هەولێر و سلێمانی بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش.


سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی بەرامبەر کاندیدی سەرۆک وەزیران، هەرێم کەمال ئاغا وتی: "ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی ڕێز لە هەر بڕیار و تایبەتمەندییەکی ناو ماڵی شیعە دەگرین و هەر کاندیدێک ئەوان لەسەری ڕێکبکەون، پشتیگیری دەکەین". هەروەها جەختی کردەوە کە کورد نابێت ببێتە بەشێک لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەوان.


لە بەشێکی تری قسەکانیدا، نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کە زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی بۆ کراوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەو ئاڵەنگاری و مەترسییانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەتایبەت دۆخی ڕۆژاوای کوردستان، پێویستە کورد ماڵی خۆی ڕێک بخاتەوە و یەکگرتوو بێت.


هەرێم کەمال ئاغا هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ڕێککەوتن دەکەن لەسەر بنەمای خاڵبەندی، یان گۆڕینەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بەرامبەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ یان هەر وەزارەتێکی تر لە حکومەتی هەرێم، و ڕایگەیاند کە "هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە".

118 جار خوێندراوەتەوە