مستەفا سەید قادر، کەسایەتی دیار و سیاسەتمەداری کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ (KNN) کە ئەمشەو کاتژمێر 10 پەخشدەکرێت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان.
هەواڵ: KNN
ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و ڕۆژئاوا، سەرەڕای قوربانییەکان، بوونەتە هەوێنی یەکگرتووییەکی کەموینە لەنێوان هەموو بەشەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردیدا.
ئەو سیاسەتمەدارەی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد پێشبینیکراو بو، وێڕای تێبینییەکان لەسەر ڕابردوی (ئەحمەد شەرع)، بەڵام لە ئێستادا وەک سەرۆکی کاتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سەبارەت بە ڕێککەوتنی (هەسەدە) و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، مستەفا سەید قادر وتی: "ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ چەسپاندنی بەشێک لە مافەکان، لە کاتێکدا لە ڕابردوودا کورد لە سوریا تەنانەت مافی هاوڵاتیبونیشی نەبو."
مستەفا سەید قادر، ستایشی گەنجان کردو وتی: "سەلمێنرا کە گەنجانی ئێستا خاوەن هەستێکی بەرزی نەتەوەیین؛ کاتێک مەترسی کەوتە سەر نەتەوەکەیان، هەموو جیاوازییەکانیان وەلانا و یەکیان گرت." هەروەها دەوری میدیا و ڕەوەندی کوردی و کەمپینە جەماوەرییەکانی بەرز نرخاند کە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ڕزگاریی نیشتمانیدا وەسفی کردن.
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا، کەسایەتی دیار مستەفا سەید قادر هۆشداری دا لە لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا. ئەو ئاماژەی بەوە کرد: "لە ڕابردوودا کە یەکدەنگ بووین، حکومەتەکانی عێراق لە هەولێر و سلێمانی پێکهێنراون، بەڵام ئێستا بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکان و پەککەوتنی پەرلەمان و دروستنەبوونی کابینەی نوێ، پێگەی هەرێم پاشەکشەی کردووە."
ناوبراو ڕەخنەی توندی لە دواکەوتنی پڕۆسەی سیاسی هەرێم گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵێک و چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا پەرلەمان پەککەوتووە و حکومەت پێکنەهێنراوە، ئەمەش مەترسییە لەسەر هەرێم.
جەختیشی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە "پاشماوەی دوو ئیدارەیی" بهێنرێت، هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و دامەزراوەکان بکرێنە نیشتمانی بۆ ئەوەی خەڵک ئاشت بکرێتەوە
233 جار خوێندراوەتەوە