ئایا بەغداد نێردە تایبەتەکەی ترەمپی ڕەتکردەوە؟

KNN : Kurdish News Network
10:11 - 30/01/2026
عێراق
+
-

دوای بڵاوبوونەوەی چەندین دەنگۆ لەبارەی ڕێگری لێکردنی بۆ هاتنە ناو خاکی عێراق و سڕینەوەی هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دۆسیەی "مارک ساڤایا" نێردراوی تایبەتی دۆناڵد تڕەمپ بۆ عێراق، ناڕوونییەکی زۆری تێکەوتووە و بووەتە جێی باسی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان.

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ونبوونی کتوپڕی هەژماری مارک ساڤایا لە سۆشاڵ میدیا و مانەوەی لە یەکێک لە پایتەختەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەبێ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت بێتە ناو خاکی عێراق، گومان و پرسیارێکی زۆری لای چاودێرانی سیاسی دروست کردووە.
لەبارەی هۆکاری ئەم جێگیرنەبوونەی ساڤایا، سێ گێڕانەوەی جیاواز دەخرێنە ڕوو:

یەکەم: دەنگۆی ئەوە هەیە کە ناوبراو لە پۆستەکەی وەک نێردراوی تایبەتی تڕەمپ دوورخرابێتەوە.
دووەم: باس لەوە دەکرێت کە ساڤایا تا ئێستا ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی پەیوەست بە دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری فەرمی تەواو نەکردووە، هەر بۆیە نەیتوانیوە بێتە ناو عێراق.
سێیەم: لایەنە عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق ڕێگری لە هاتنی کردووە، چونکە هیچ نووسراوێکی فەرمیان لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت ناوبراو نوێنەری فەرمی سەرۆکی ئەمریکایە.


سەرەڕای ئەو گومانانە، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسە نێودەوڵەتییەکان گێڕانەوەیەکی جیاوازتر دەخەنە ڕوو. "ئەمبرین زەمان" گەورە پەیامنێری ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) و ڕۆژنامەنووس "ستیڤن نەبیل" ئاماژە بەوە دەکەن، دەنگۆی دوورخستنەوەی ساڤایا ڕاست نییە. بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، هۆکاری سەرەکی تەنها پەیوەستە بە تەواوکردنی هەندێک ڕێکاری یاسایی و کاغەزی فەرمی کە تایبەتن بە پلە و پۆستەکەی، و بڕیارە دوای تەواوبوونیان دەستبەکارەکانی بکات.

تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن تیمی تڕەمپ یان حکومەتی عێراقەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بڕیاردەر لەمبارەیەوە نەدراوە، ئەمەش وایکردووە دۆسیەی ئەم نێردراوە لە نێوان "سڕکردن" و "تەواوکردنی ڕێکارەکاندا" بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.

1315 جار خوێندراوەتەوە