کۆمپانیای تیکتۆک بە فەرمی ڕێککەوتنێکی نوێی واژۆ کرد کە کۆتایی بە ساڵانێک لە ململانێی نێوان واشنتن و پەکین دەهێنێت و گەرەنتی مانەوەی ئەپڵیکەیشنەکە لە ئەمریکا دەکات
هەواڵ: KNN
بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی بڕیاربوو لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ئەپڵیکەیشنەکە بە یەکجاری لە ئەمریکا قەدەغە بکرێت، دۆناڵد ترەمپ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دواخست و دواجار کۆمپانیایەکی نوێی هاوبەش بە ناوی (TikTok USDS) دامەزرا کە زۆرینەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرییەکەی ئەمریکین
بەگوێرەی وردەکاریی ڕێککەوتنەکە، خاوەندارێتییە نوێیەکە دابەشکراوە بەسەر چەند کۆمپانیایەکی گەورەدا؛ هەریەکە لە (ئۆڕاکڵ) و (سیلڤەر لەیک)ی ئەمریکی و (MGX)ی ئیماڕاتی پشکی ١٥٪یان دەبێت، لە کاتێکدا کۆمپانیای دایک (بایت دێنس) تەنها ١٩.٩٪ی پشکەکانی دەمێنێتەوە، دۆناڵد ترەمپیش لە پۆستێکدا خۆشحاڵی خۆی بە "ڕزگارکردنی تیکتۆک" دەربڕیوە
خاڵی یەکلاکەرەوەی ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە "ئەلگۆریزم"ـە بەهێزەکەی تیکتۆکەوە؛ کە بڕیاردراوە مۆڵەتەکەی بدرێتە خاوەنە ئەمریکییەکان و لەمەودوا تەنها لەسەر داتای بەکارهێنەرانی ئەمریکا ڕادەهێنرێتەوە و لەژێر چاودێریی توندی کۆمپانیای ئۆڕاکڵدا دەبێت بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان
شارەزایان پێشبینی دەکەن بەهۆی جیاکردنەوەی داتاکان و گۆڕینی شێوازی کارکردنی ئەلگۆریزمەکە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ٢٠٠ ملیۆن بەکارهێنەرە ئەمریکییەکە هەست بە گۆڕانکاری بکەن و ڕەنگە ئەپڵیکەیشنەکە وەک جاران خێرا و ورد نەبێت لە پێشنیارکردنی ڤیدیۆکاندا
72 جار خوێندراوەتەوە