بەغدا دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریا، بەرپرسان و چاودێرانیش هۆکارەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و مەترسییەکانی سەر سنوری ٦٠٠ کیلۆمەتریی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێننەوە، بەتایبەت لە سایەی دۆخی نوێی دیمەشقدا.
هەواڵ: KNN
بەپێی زانیارییەکان، دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی چەکدارە دەستگیرکراوەکان بۆ عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕاستەوخۆ دەستیکردووە بە ڕێکارە یاساییەکان و جەختی کردووەتەوە کە سەرجەم تۆمەتباران، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزنامە یان پلەکانیان لەناو ڕێکخراوەکەدا، ملکەچی دەسەڵاتی دادوەری دەبن و بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت
هاوکات فەرهاد عەلائەدین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە ڕوونی کردووەتەوە؛ بڕیاری گواستنەوەی ئەو زیندانیانە لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، بەتایبەت لە ئەگەری هەڵهاتن یان ئازادبوونیان بەهۆی پەرەسەندنەکانی سووریاوە
لەلایەکی دیکەوە عادل باخەوان، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەوروپی بۆ توێژینەوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، نیگەرانییەکی جددی هەیە لەوەی ئەو چەکدارانە لە زیندانەکانی سووریا هەڵبێن، بەو پێیەی بنکەی جەماوەری و سەربازیی (ئەحمەد شەرع) لەڕووی ئایدۆلۆژیاوە لە داعشەوە نزیکە، بۆیە زەروورە عێراق خۆی دۆسیەکە بگرێتە دەست.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دادگاکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتاییان بۆ سەدان چەکداری بیانی دەرکردووە، بەڵام چاودێران هۆشداری دەدەن کە بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆرتر، زیندانەکانی عێراق و سەنتەرەکانی شیاندنەوە پێویستیان بە فراوانکردن و تەرخانکردنی بودجەی زیاتر هەیە
75 جار خوێندراوەتەوە