فڕۆکەیەکی جەنگیی F-35ی ئەمریکی لە کەناراوەکانی ژاپۆن بێسەروشوێن دەبێت

KNN : Kurdish News Network
08:28 - 16/01/2026
جیهان
+
-

فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جۆری "F-35A Lightning II" لە کاتی گەشتێکی ئاساییدا لە نزیک کەناراوەکانی ژاپۆن و لە دەوروبەری ناوچەی ئۆمۆری لەسەر شاشەکانی ڕادار ون بوو، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەوانەکە ئاماژەیەکی فریاکەوتنی بۆ بنکە زەمینییەکان ناردبوو.

 

بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی "فڵایت ڕادار 24"، فڕۆکەکە لە باکووری دەریای ژاپۆنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی وشکانییەکانی باشووری ئۆمۆری فڕیوە و لە کاتژمێر 6:09ی بەیانی بەکاتی مۆسکۆ پەیوەندییەکەی بە تەواوی پچڕاوە، پێش ونبوونییەکەش فڕۆکەوانەکە کۆدی 7700ی چالاک کردووە کە کۆدێکی جیهانییە بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و داوای هاوکاری کتوپڕ.

 

هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی ژاپۆن بە هاوکاری لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و ڕزگارکردنیان لەو ناوچەیە دەستپێکردووە کە فڕۆکەکەی لێ بێسەروشوێن بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پاشماوەیەکی فڕۆکەکە یان ئاماژەیەک بۆ شوێنی کەوتنی نەدۆزراوەتەوە. شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە ونبوونی ئەم جۆرە فڕۆکەیە کە بە تەکنەلۆژیای دژە ڕادار (Stealth) ناسراوە، بایەخێکی زۆری هەیە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی بەردەوامن بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە هەر ئەگەرێکی دزەکردنی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکەی، لە هەمان کاتدا لایەنە پەیوەندیدارەکان چاوەڕێی دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکە یان پارچەکانی فڕۆکەکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوە کە ئایا کێشەی تەکنیکی بووە یان هۆکارێکی دیکە.

313 جار خوێندراوەتەوە