شەپۆلێکی سەرماو شەختە شارەکانی هەرێم دەگڕیتەوەو حکومەتیش هۆشداری دەدات

KNN : Kurdish News Network
06:47 - 19/01/2026
کوردستان
+
-

 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی بەپەلە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتودا بەهۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، مەترسیی دروستبونی شەختە و بەستنی ڕێگاکان لە ئارادایە

 

هەواڵ: KNN

 

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند: "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلێکی سەرما و دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما زۆربەی پارێزگاکان، سەنتەری شارەکان و ڕێگا سەرەکییەکان دەگرێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی شەختە و بەستنی شەقامەکان، کە مەترسیی زۆری بۆ دروستبونی ڕوداوی نەخوازراوی هاتوچۆ لێ دەکرێت."

 

وتەبێژی وەزارەت جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە هاوڵاتیان  و شۆفێران لە کاتی بەکارهێنانی ڕێگاکانی دەرەوەدا، بەتایبەتی لەو دوو ڕۆژەدا، تەواوی ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن و خێرایی لێخوڕین بۆ کەمتر لە ئاستی دیاریکراو دابەزێنن، تاوەکو سەلامەتیی خۆیان و سەرنشینەکانیان بپارێزن

 

سەبارەت بە ناوچە شاخاوییەکانیش، دیلان ڕەشاد ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکرێت بەفر و کڕێوە ناوچە شاخاوییەکان، ناوچە سنوورییەکان و بەشێک لە ناوچە بەرزەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بگرێتەوە

 

ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی گواستنەوە لەکاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی شەپۆلێکی سەرمادایە و پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دابەزن

2076 جار خوێندراوەتەوە