ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند نابێت حکومەتی سوریا لەسەر حسابی کورد دەسەڵاتی خۆی بسەلمێنێت "ناتوانێت لەسەر حیسابی گەلی کورد یان کەمینەکانی دیکە بێت"، هاوکات لە هەمان کاتدا پابەندبوونی ئیدارەی خۆسەری بە گفتوگۆی سیاسی دووپاتکردەوە.
ئەم لێدوانەی ئیلهام ئەحمەد لە وەڵامی لێدوانی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا بوو. ئەو سوپاسی سیناتۆری کۆمارییەکانی لیندسی گراهام و جیم ڕیشی کرد بۆ پشتگیریکردنیان و وتی "سوپاس بۆ پشتگیرییە چارەنووسسازەکانتان دەکەین."
ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی کاتی سوریا داوای هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکانی بەرگری هەسەدە دەکات، "لە هەمان کاتدا هێرشی دڕندانە دەکاتە سەر گەلی کورد لە حەلەب".
ئەو دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی خۆسەر "پابەندە بە گفتوگۆ"، بەڵام ئەمە بە مانای قبوڵکردنی خۆسەپاندنی دەسەڵاتی ئێستای سوریا نییە "لە سەر حیسابی گەلی کورد و کەمینەکانی دیکە کە شانبەشانی ئەمەریکا دژی داعش شەڕیان کرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیامە ڕوونەکانتان هیوامان پێدەبەخشن کە هاوبەشی و قوربانیدانەکانمان لەبیر نەکرێن" و پێزانینی خۆی بۆ پشتگیرییەکانی ئەمریکا "بۆ هاوپەیمانەکانتان لە تاریکترین کاتەکاندا" دەربڕی.
881 جار خوێندراوەتەوە