حەسەکە - ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دواین پێشهاتە ئەمنییەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب و وردەکاریی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئاشکرا کرد.
هەواڵ KNNC:
پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان و دەستپێکی هێرشەکان ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، حکومەتی کاتیی سوریا بە پلەی یەکەم بەرپرسە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار. ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە سەرەتا بە شەڕێکی میدیایی چڕ دژی گەڕەکە کوردییەکان دەستی پێکرد، هاوکات گروپە چەکدارەکانی حکومەت لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام هەردوو گەڕەکەکەیان دەکردە ئامانج و زەمینەیان بۆ ئەم قەیرانە خۆش کرد.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە وەزارەتی بەرگریی سوریا بە فەرمی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەپێی ڕێککەوتنی ١ی نیسان لەو ناوچانە کشابوونەوە. بەڵام حکومەت بۆ شەرعیەتدان بە هێرشەکەی کە ٨٠ تانکی تێدا بەکارهێناوە، پڕوپاگەندەی مانەوەی هێزەکانی "هەسەدە"ی لەو گەڕەکانە کردووە.
قوربانیان و بەشداریی چەکداری بیانی بەپێی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٤٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و گروپە هێرشبەرەکان پێشێلکاریی دڕندانەیان بەرامبەر دانیشتووان ئەنجامداوە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ئاشکرای کرد کە جگە لە گروپە تورکییەکان، چەکدارانی سەر بە ڕێکخراوی "داعش"، چەکدارانی ئیگۆر و چەندین گروپی بیانی دیکە بەشدارییان لە هێرشکردنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کردووە.
پەیامێک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا ئیلهام ئەحمەد ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەت گرت و ڕایگەیاند: "یەکێک لە مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەسەر سوریا، پاراستنی کەمینەکان و دوورخستنەوەی چەکدارە بیانییەکان بوو، بەڵام حکومەت پێچەوانەکەی ئەنجامدا؛ پێشتر عەلەوی و دروز و مەسیحییەکانی کردە ئامانج و ئێستاش هێرش دەکاتە سەر کورد." داواشی لە حکومەتی ئەمریکا کرد هەڵوێستی ڕوونی خۆی بەرامبەر ئەو حکومەتە دەرببڕێت کە کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەی خۆی ئەنجام دەدات.
بانگەواز بۆ دیالۆگ و پاراستنی خەڵک لە کۆتایی قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئەوان لەگەڵ دیالۆگ و بەردەوامیی دانوستانەکاندان، بە مەرجێک هێرشەکان ڕابگیرێن و پاراستنی گەلی کورد لە حەلەب و عەفرین مسۆگەر بکرێت. هەروەها داوای کرد کە دۆخی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و عەفرین لەژێر چاودێریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکاندا چارەسەر بکرێت.
474 جار خوێندراوەتەوە