لە هەنگاوێکی دیپلۆماسی گرنگدا بۆ تاوتوێکردنی
ئاڵۆزییەکانی باکووری سوریا، پەرلەمانی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە
بارودۆخی ئەمنی و مرۆیی شاری حەلەب و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا
هەفتەی ئایندە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ پەرلەمان بانگهێشت بکرێت بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی
سیاسەتی وڵاتەکەی و فشارخستنە سەر حکومەت بۆ دەستێوەردانی دیپلۆماسی چالاکتر.
کۆبوونەوەکە کە لەلایەن پەرلەمانتار کەیت ئۆسبۆرن
میوانداری کرابوو، بە بەشداری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران (فێریال کلارک و بام بۆرس)،
شارەزایانی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی بەڕێوەچوو. تیشک خرایە سەر پێکدادانەکانی
ئەم دواییەی نێوان هێزە کوردییەکان و گرووپی "تەحریر شام" لە گەڕەکە کوردنشینەکانی
شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە. بەشداربوان هۆشدارییاندا لە دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی نوێ
بۆ دەیان هەزار مەدەنی ئەو ناوچانە دوای تێکچوونی هاوسەنگییە ئەمنییەکان.
بەشداری شاندی بزووتنەوەی گۆڕان
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان
کە پێکهاتبوون لە فوئاد جەمال، ڕێکخەری ژووری ڕەوەندی بزووتنەوەی گۆڕان و فەرهاد مارف،
بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ژووری ڕەوەند، بەشدارییەکی چالاکانەیان کرد.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی
ژووری ڕەوەند ئاماژەی بەوە کرد کە بەریتانیا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش،
ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی لەسەر شانە بۆ پاراستنی گەلی کورد. هەروەها جەختی لەوە کردەوە
کە زۆرێک لە چەکدارانی "تەحریر شام" پاشخانی داعشیان هەیە و پێویستە لەسەر
ئاستی نێودەوڵەتی وەک تاوانباری جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
هۆشداری لە توندڕەوی و داواکارییەکان
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کارن ڕۆس دیپلۆماتکاری
پێشووی بەریتانیا و دکتۆر محەمەد مستەفا نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)،
باسیان لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی باکووری سوریا کرد. ئامادەبووان داوایان کرد
بەریتانیا فشارەکانی بەکاربهێنێت بۆ:
* ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی توندوتیژی گروپە توندڕەوەکان.
* دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.
* دابینکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد
وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.
* بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوە
وەک دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە، پەرلەمانتارانی
بەشداربوو ڕایانگەیاند کە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بانگهێشتی پەرلەمان
دەکەن تاوەکو داوای لێبکەن حکومەت هێزی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی بۆ چارەسەری قەیرانی
باکووری سوریا بەکاربهێنێت. هەروەها داوا لە ڕەوەندی کوردی کرا لە ڕێگەی نامەوە پەیوەندی
بە پەرلەمانتارانی ناوچەکانی خۆیانەوە بکەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە بکرێتە فشارێکی گشتی
لە نێو پەرلەماندا.
251 جار خوێندراوەتەوە