سیپان حەمۆ: ڕووداوەکانی حەلەب جارێکی دیکە ڕووی ڕەشی جیهانی نیشاندا

KNN : Kurdish News Network
09:06 - 12/01/2026
کوردستان
+
-

سیپان حەمۆ دەڵێت دەزانن گلەیی لە هەسەدە دەکرێت کە بۆ بەشداریی لە شەڕی حەلەبدا نەکرد، بەڵام ئاساییشیش شەڕڤانی هەسەدەن، پلانگێڕییەکەش بۆ ئەوەبوو شەڕ هەسەدە تێوەگلێت، بەڵام ڕۆژئاوا کە 17 هەزار شەهیدی داوە دەزانێت چۆن مامەڵە دەکات و خۆی پاراست، گەڕەکە کوردییەکان جارێکی دیکە ڕووی ڕەشی جیهانی نیشاندا.

 

هەواڵ:KNNC

سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند: هەسەدە تێدەگات لەوەی هەمووان گلەیی دەکەن لەوەی کە بۆ هەسەدە بەشداریی شەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی نەکرد، ئێمە وەک هەسەدە دەزانین کەموکوڕییمان هەیە، بەڵام 15 ساڵە شەهید دەدەین و لەو ماوەیەدا 17 هەزار شەهیدمان داوە، تا شەڕڤانێکیش مابێت بەرخۆدان بەردەوامە بۆ مافی گەل و خاک، بەڵام ئەو پلانگێڕییەی هەبوو زیاتربوو لەو دوو گەڕەکە، لە دەرەوەی سوریا پلانەکە وا دانرابوو هەسەدە بخەنە نێو شەڕەکە و ڕۆژئاوای کوردستان بکەنە مەیدانی شەڕ، بەڵام هەسەدە سیاسییانە و ژیرانە بڕیار دەدات و دەزانێت چی دەکات، ئەو بەرەنگارییەی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەش هەر هی هەسەدەیە و ئەوانیش شەڕڤانی ڕۆژئاوان.

 

سەبارەت بە ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە حەلەب فەرماندەکەی کورد وتی، گرنگ گەلە کە پارێزراوبێت ئەوان خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن هێزی سەربازیی لە ناوچەکە نەبێت کەواتە کێشەیەک نییە و کورد هەمان ئامانجی بۆ تەواوی ناوچەکان هەیە بە عەفرینیشەوە، چونکە ئامانجی کورد زۆر لە بابەتی سەربازیی گەورەترە، چەکداریی بەشێکە لە بەرخۆدان لەپاڵ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و ڕۆشبیریی و تەواوی کایە گرنگەکانی دیکە.

 

سیپان حەمۆ وتیشی، هەموو ئەوانەی لە حەلەب ڕوویاندا، کاریگەریی تەواویان لەسەر دانوستانەکانی نێوان کورد و دیمەشق دەبێت و ئەو لەبیر ناکەن کە لەبەرامبەر کورد کرا، کورد پێداگرە لەسەر دیموکراسییەت و پێکەوەویی، ئەوانەی کورد وەک دژە پێکهاتەکان ناوزەند دەکەن و دەڵێن دەیەوێت سوریا پەرت بکات، خۆیان نە دیمکوراسیین نە لەگەڵ سوریایەکی سەقامگیرن.

 

فەرماندەکەی کورد ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی ڕووداوەکانی حەلەبدا هەم میدیاکانی دەرەوە هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕاستەوخۆ و ناڕەستەوخۆ پشتگیری کۆمەڵکوژیی کوردانیان کرد، ئەوەی بەرامبەر گەڕەکە کوردشینەکان کرا جارێکی دیکە ڕووی ڕەشی جیهانی نیشانی هەمووان دا و ئەوەی مرۆڤایەتی لای ناپەسەندە بەرامبەر خەڵکی سڤیل کرا، ئەگەر یەکتۆز ویژدان لەم جیهانە بێبەزەییەدا هەبێت دەبێت بزانن کورد چییە و چی کردوە بۆ مرۆڤایەتی و ڕووبەڕووی چ ڕێکخراوێکی مەترسیداربووەتەوە لەبری جیهان، کە داعشبوو.

 

سیپان حەمۆ لەبارەی ڕۆژئاواوەشەوە وتی، دۆزی کورد ڕەوایە و ئێمە لەسەر تێکۆشان و خەبات بەردەوامین تا یەک شەڕڤان مابێت بە هەمان بیر و باوەڕەوە دەجەنگین بۆ ئامانجەکانمان، ئێمە بە ورە و مۆراڵەوە شەڕ دەکەین نەک چەکی قورس و گران، بۆیە کورد نابەزێت و نانەوێت چونکە گیانباختکارە و سڵی لە مردن نییە...

156 جار خوێندراوەتەوە