یاسر سلێمان، وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا ئامادەیە سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.
یاسر سلێمان، وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە، لەوانە:
یەک سوپای نیشتمانی: سوریا تەنیا بەرگەی یەک سوپا دەگرێت کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت. بەپێی لێکتێگەیشتنەکان، ئەفسەرانی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵات لە وەزارەتی بەرگری سوریادا جێگیر دەکرێن.
چالاککردنی دامەزراوەکان: پابەندبوون بە سەروەری دەوڵەتی سوریا و کاراکردنەوەی دامەزراوە سەروەرییەکان لە تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەردا.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و سامانە سروشتییەکان، وتەبێژەکەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند: سامانە سروشتییەکان دەبێت بۆ هەموو گەلی سوریا بێت و لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەببرێن و بڕیار وایە بەشێک لە داهاتی ئەو سامانانە بۆ پەرەپێدانی ئەو ناوچانە تەرخان بکرێت کە سامانەکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
رۆڵی ئەمریکا و پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سلێمان ئاشکرای کرد کە لایەنی ئەمریكی ئامادەیە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات، ئەوەش لەسەر داوای ئەحمەد شەرع. سەبارەت بە تورکیاش، ئاماژەی بەوە کرد کە ناکۆکی قووڵ لەگەڵ ئەنقەرە هەیە، بەڵام دەیانەوێت ئەو کێشانە لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریاوە چارەسەر بکەن.
123 جار خوێندراوەتەوە