لافاو دروستدەبێت و داوا دەکرێت ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر

KNN : Kurdish News Network
10:47 - 24/12/2025
کوردستان
+
-

مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت خۆیان بۆ دروستبوونی لافاو و پێشهاتی نەخوازراو ئامادەبکەن و ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.

 

 

هەواڵ:KNNC

 

لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و ئەگەرچی باس دەکرا کە شەپۆلەکە ئاسایی یە، بەڵام کەشناسێک ڕەتی دەکاتەوە بەوجۆرە بێت و دەڵێت مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە چونکە هەوری سوپەرسێڵ لەگەڵ ئەم شەپۆلەدایە.



کەشناس هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی ڕایگەیاند: له‌شه‌وى ڕابردوه‌وه‌ گۆڕانکاریی بەرچاو لە پێشبینییە سەرەتاییەکانی کەشوهەوا ڕوویداوە، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و شەپۆلەبارانەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەڕۆژانی 27و 28ى ئه‌م مانگه‌ ڕوو له‌هه‌رێم ده‌كات.

 

ده‌شڵێت، لەقۆناغی یەکەمدا شەپۆلەکە لەشەپۆلێکی بەفروبارانی مامناوەند گۆڕاوە بۆ شەپۆلێکی بەفرو بارانبارینی بەهێز، ئێستاش لەتەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان جێگیربووە.

 

وتیشی، "پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ئەم شەپۆلە مەترسی دروستبونی لافاوى نییە، نەخێر داوا لەلایەنە پەیوەندارەکان دەکەم ئامادەکاریی بکەن بۆ هەر ڕوداوێکی نەخوازراو، چونکە ئه‌گه‌رى هەیە بەهۆی دابەزینی زیاتری پەستانی هەوا و دروستبونی بارستە هەوری زەبەلاح کە بەهەوری سوپەرسێڵ ناسراوە، تاوە بارانی خێراو بەلێزمە لەهەندێکاتدا بەشێک لەناوچەکانی هەرێم بگرێتەوە، هەروەها پێسبینی وایە بڕی بارانبارین لەهەندێک ناوچه 200 ملم باران ببارێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوو دروستبونی لافاو و پێویستی بەوەیە بەر بە زۆریی قەبارەی زیانەکانی بکرێت"...

5476 جار خوێندراوەتەوە