ناکۆکییەکانی پرسی سەرۆککۆمار بەردەوامە و سەرچاوەیەکیش
دەڵێت پرسەکە ناوی کەسەکان نییە بەڵکو شکاندنی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییە و
ئەگەر گۆڕانکاریی بکرێت دەبێت لە پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پۆستەکانی دیکەشدا بکرێت، پۆستەکە بە پۆستێکی عێراقی گەورە ناودەبات و دەڵێت نابێت لە هەرێمدا قەتیس بکرێت.
هەواڵ:KNNC
لەدوای یەکلابوونەوەی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی
پەرلەمان لە دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیەدا و پێش چوونە ساڵی نوێ، ئێستا و بۆ
ماوەی 30 ڕۆژ کات هەیە کە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار یەکلا بکرێتەوە کە پشکی
کوردە و تا ئێستاش هیچ کەسێک بە فەرمی کاندید نەکراوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی
پارتیش وتی کە دەبێت گۆڕانکاریی لە چۆنییەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا بکرێت و
پۆستەکە موڵکی کەس نییە و دەکرێت کەسێک بە کۆدەنگی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئەو
پۆستە وەربگرێت.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک بە شەرقلئەوسەتی ڕاگەیاندوە، تا
ئێستا پۆستی سەرۆککۆمار کێشەی قوڵ و گەورەنەبووە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، چونکە
بابەتەکە ڕێککەوتن بووە و پۆستەکە پشکی یەکێتی بووە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێم
و پۆستە سەروەرییەکانی دیکە هەرێم و لە 2005ەوە بەو جۆرە دابەشکراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە، گۆڕانکارییکردن لە
چۆنییەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پەیوەست نییە بە ناکۆکی لەسەر ناو و کەسایەتییەوە
بەڵکو ئەگەر شکاندنی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییە کە دوو دەیەیە بەو جۆرە پۆستەکانیان
لەسەر دابەشکردوە، پۆستەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکهەرێم و پۆستە سەروەرییەکانی دیکە پاکێجێکن
گۆڕانکاریی لە یەکێکیان گۆڕانکاریی لەوی دیکە دروست دەکات.
سەرچاوەکە بە شەرقلئەوسەتیشی وتوە، پۆستی سەرۆککۆمار
پۆستێکی نیشتیمانیی عێراقی گەورەیە و ناکرێت لە هەرێمدا قەتیس بکرێت، بوونی ئەو پۆستە وەک پشکی
کورد بە مانای دابڕینی لە عێراق نایەت...
290 جار خوێندراوەتەوە