بەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە قەزای کەلار، بەهۆی لێچوونی غازی سۆپاوە دوو خوشک تووشی ژەهراویبوون بوون؛ لە ئەنجامدا یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی تریشیان بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی سلێمانی کرا.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ دوو خوشک هێنراونەتە نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی غازی سۆپاوە ژەهراوی ببوون. بەداخەوە یەکێک لە خوشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو."
سەبارەت بە خوشکەکەی تریان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی سەختیی بارودۆخی تەندروستییەوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری چڕتر، رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە لە گەڕەکی "گازینۆ"ی شاری کەلار روویداوە و قوربانییەکان تەمەنیان لە سەروو (٥٠) ساڵییەوەیە.
28 جار خوێندراوەتەوە