نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بچێتە ناو گفتوگۆیەکی جددی سەبارەت بە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددەی بێهۆشکەر، کەرتی نەوت و ڕێککەوتنە ئابوورییەکان.
مادورۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەن بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی جددی لەگەڵ واشنتن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددەی بێهۆشکەر.
جەختی کردەوە کە دەرگای ڤەنزوێلا کراوەیە بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان (وەک کۆمپانیای شیڤرۆن) لە کەرتی نەوتدا، بەو مەرج و کاتەی کە هەردوولا لەسەری ڕێکدەکەون.
ئەم لێدوانانەی مادورۆ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ڤەنزوێلا پێنج هاووڵاتی ئەمریکی دەستبەسەر کردووە، کە سێیان خاوەنی ڕەگەزنامەی دووانیین. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ڕەنگە ئەم دەستبەسەرکردنانە وەک کارتێکی فشار بۆ سەر واشنتن بەکاربهێنرێن.
هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە سیاسییە، ئەمریکا لە مانگی سێپتێمبەری ڕابردووەوە چالاکییە سەربازییەکانی لە دەریای کارایبی زیاد کردووە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی ماددەی بێهۆشکەر. بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا لە ئەنجامی ٢٩ هێرشی سەربازی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا، لانی کەم ١٠٥ کەس کوژراون.
132 جار خوێندراوەتەوە