دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو، هێرشێکی ئاسمانیی "ورد و کوشندە"یان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی ڕێکخراوی داعش لە باکووری ڕۆژئاوای نێجیریا.
ترامپ لە پەیامێکدا جەختی کردەوە کە ئەم هێرشە لە وەڵامی "کوشتنی دڕندانەی مەسیحییە بێتاوانەکان" بووە و هۆشداری دا کە ڕێگە بە هیچ گروپێکی توندڕەو نادەن لەژێر سەرکردایەتی ئەودا گەشە بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر هۆشداریی دابووە ئەو گروپانە کە باجێکی قورس دەدەن ئەگەر کۆتایی بە کردەوەکانیان نەهێنن.
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفریقا (AFRICOM) پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکە لەسەر داوای حکومەتی نێجیریا ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چەکداری داعش.
ئەم هەنگاوە سەربازییەی ئەمریکا دوای زنجیرەیەک هەڕەشەی ترامپ دێت کە نێجیریای تۆمەتبار کردبوو بەوەی نەیتوانیوە پارێزگاری لە کەمینە ئایینییەکان بکات، هەرچەندە حکومەتی نێجیریا دەڵێت توندوتیژییەکان هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ڕەزامەندی لەسەر هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەربڕیوە.
88 جار خوێندراوەتەوە