سەرچاوەیەکی سووری نزیک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی سووریا، بە کەناڵی (i24 News)ی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە کە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوەیە، ئەم وەرچەرخانە لە ئەنجامی هەوڵە چڕەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هاتووەتە ئاراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
هەمان سەرچاوە بۆ کەناڵە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، کە پاشکۆیەکی دیپلۆماسیشی لەگەڵ دەبێت، لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز لە وڵاتێکی ئەوروپی لە ئارادایە. هەروەها ئەوەشی بەدوور نەزانیوە کە کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەحمەد شەرع و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام بدرێت.
پێشتر ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی چاوەڕێ دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ بگەنە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەسەر بنەمای "ڕێککەوتنی ئاگربەستی ١٩٧٤" بە هەندێک گۆڕانکاریی سادەوە و بەبێ دروستکردنی ناوچەی دابڕاو. دیمەشق داوای کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل دەکات لەو خاڵانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کۆنترۆڵی کردوون.
لە بەرامبەردا، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بۆ (i24 News) جەختیان کردووەتەوە کە سوپای ئیسرائیل تەنها لە بەرامبەر "ڕێککەوتنی ئاشتی گشتگیر" ئامادەیە لەو نۆ خاڵە سەربازییەی ناو خاکی سووریا بکشێتەوە، نەک تەنها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەمنیدا. هەروەها میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕووسیاش وەک نێوەندگیرێکی نهێنی لە نێوان هەردوولادا ڕۆڵ دەگێڕێت.
127 جار خوێندراوەتەوە