نوێنەری ترەمپ لە عێراق هەڕەشە لە گروپە چەکدارەکان دەکات و دەڵێت: ئەم وڵاتە شوێنی ئێوەی تێدا نابێتەوە، پشتیوانی خۆیشی بۆ هەرێمی کوردستان دوپات دەکاتەوە...
هەواڵ:KNNC
مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا دەڵێت: گروپە چەکدارەکان کە بە شێوەیەکی نایاسایی و بە ئەجێندای بیانی دوژمنکارانە دەجووڵێن، دوێنێ هێرشێکیان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئەنجامدا.
دەشڵێت: حکومەتی عێراق دەبێت ئەو کەسانە دەستنیشان بکات کە بەرپرسیارن لەم هێرشە و دادگایییان بکات. بەبێ دودڵیش بڵێت: لە عێراقێکی تەواو سەروەردا جێگەی ئەو جۆرە گروپە چەکدارانە نییە.
ساڤایا دوپاتی دەکاتەوە کە ئەمەریکا بە تەواوی پاڵپشتی ئەم هەوڵانە دەکات و بە پێویستی دەزانێت بەدواداچون بۆ هەموو ئەو گروپە نایاساییانە بکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
نوێنەرەکەی ترەمپ دوپاتی دەکاتەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیردا. هەروەها هانی بەغدا و هەولێر دەدات کە هاوکارییە ئەمنییەکانیان قووڵتر بکەنەوە و لە نزیکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری و وزە.
دەشڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندبوونی پتەوی خۆی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگری و بنیاتنانی هێزە نیشتمانییەکانی دووپاتدەکاتەوە.
120 جار خوێندراوەتەوە