هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردانەوەی بەدواداهات

KNN : Kurdish News Network
01:19 - 27/11/2025
کوردستان
+
-

هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و سەرجەمیان داوای بە سزاگەیاندنی بکەرانی هێرشەکە دەکەن، سیستمی بەرگریی و کۆتاییهێنان بە گروپەچەکدارەکان بەشyک لە کاردانەوەکان.

 

 

هەواڵ:KNNC

 

پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو هێرشی موشەکیی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و زیانێکی زۆری ماڵیی بە کێڵەگەکە گەیاند و بووە هۆکاری کوژانەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و عێراقی لێکەوتەوە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارایەوە ڕایگەیاند: شەوی ڕابردو، ئێمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم هێرشە و عەقڵییەتی پشت هێرشەکان، بۆ سەر گرنگترین سەرچاوەی وزە و ڕوناکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین، داواکارین:حکومەتی فیدڕاڵ بە جدی بێتە مەیدان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، هەروەها چیتر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەهەمی حکومەتی هەرێم دوانەخرێت، چونکە چەند ئەو هێرشانە مەترسین بۆ سەر کیانی سیاسیی و ئاساییش و ژێرخانی ئابوریی هەرێم؛ هێندەش کارانەکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان لێکەوتەی نەرێنی دادەنێت و دەبێتە خاڵی لاوازتری هەرێم.

 

هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نابێت ڕێگەی دووبارەکردنەوەی هێرشەکان بدرێت بە تیرۆریستان هەرکەسێک بدرێت لەپشت هێرشەکانی ئەمشەوەوەبوون، یانیش وەک ڕابردووبە کەفالەت ئازادبکرێن.

 

داواشی لە هاوبەشە ئەمەریکیی و نێودەوڵەتییەکان کردوە کەرەستەی بەرگریی پێویست دابین بکەن بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی هەرێمی کوردستان، پستیوانبن لە ڕێگرییکردن لەو هێرشانەی پێشکەوتنی هەرێم دەکەنە ئامانج.

 

لای خۆشییەوە محەممەد شیاع سودانی سەرۆکی حکومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند: هێرشکردنە سەر کۆرمۆر هێرشکردنە سەر تەواوی عێراقە، هاوکات  بڕیاریشیدا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان هەرێم و ناوەند، بە مەبەستی دۆزینەوەی بکەران و بەسزاگەیاندنیان.

 

لەلایەکی دیکەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌ تيرۆریستييه‌کەی سەر کێڵگەکەی کردوە و هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ڕاسته‌وخۆی سەر ئاساییش وسەقامگیریی ناوبردوە، هەروەها ئه‌رک و به‌رپرسياريه‌تيى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌ کە به‌ زووترین كات هه‌وڵی جددی بده‌ن و ڕێكارى پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ لێپێچينه‌وه‌ و سزادانى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م تاوانه‌ و ڕێگرییکردن لە دووبارەبوونەوەی.

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وتی، هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بە ئامانجگرتنی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستان و عێراقە، چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاوی کردەییە.

 

ئەرکی حکومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە،
وتوشییەتی بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە، هەربۆیە هەنگاوی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت کۆتاییهێنان بەم دۆخە و سزادان و کۆکردنەوەی گروپ و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت.


لەلایەنی ئەمنییشەوە هەرزوو ڕاگەیاندنی شانەی ئەمنیی عێراق کردەوەکەی بەتیرۆرستیی ناوبرد و ڕایگەیاند: هێرشەی کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان و کردەوەیەکی تیرۆریستیی مەترسیدارە بۆ پەکخستن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری لە وڵات...

31 جار خوێندراوەتەوە