کەمال محەممەد: خاوەنمۆلیدەکان پارە وەردەگرن و دەبێت کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن

KNN : Kurdish News Network
02:15 - 27/11/2025
کوردستان
+
-

وەزیری کارەبای حکومەتی هەریمی کوردستان دەڵێت: سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەهۆی هێرشەکەی کۆرمۆرەوە کەمیکردوە و غازی ماڵان گران نابێت، دەشبێت مۆلیدەکان کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن.

 

 

هەواڵ:KNNC

کەمال محەممەد ساڵح وەزیری سامانەسروشتییەکان و کارەبای هەرێم لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 700 بۆ سێ هەزار مێگاوا کارەبا لەدەستچووە کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانن بۆ 15 وێستگەی کارەبا،

 

 

ئاماژەی بەوەشدا تا ئێستا ڕێگەنەرداوە تیمی ئەوان سەردانی کۆرمۆر بکات، لەپاش کۆتاییهاتنی کارەکانی تیمە ئاسایشییەکان تیمی سامانەسروشتییەکان و کارەباش سەردانی کێڵگەکە دەکەن.

 

 

وتیشی تا ئێستا قەبارەی زیانەکان دیارینەکراون لەو هەزار بۆ هەزار و 200 مێگاواتەی هەیە، تەنها دەتوانن 6 بۆ 8 کاتژمێرێک کارەبا بدەنە هاووڵاتییان، بەڵام  و ئەگەر زیانەکە تەنها کۆگە بێت، ئەوا لە 24 بۆ 48 کاتژمێر، واتا یەک بۆ دوو ڕۆژ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

 

دڵناییشیدا لە سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕووناکیی و وتی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێریی سەرکەوتووبووە و پاشەکشەی لێناکرێت.

 

لەبارەی ئیشپێکردنی مۆلیدەکان وتی، بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان حکومەت و خاوەنمۆلیدەکان هەیە، کە بۆ شەش مانگ پارەیان پێدەدرێت، دەبێت لە کاتی پێویستتدا کارەبا بدەنە هاووڵاتییان و ئێستاش ئەو کاتەیە، ئەوان مانگانە لە ملیۆن بۆ دوو ملیۆن و نیویان پێدەدرێت و بۆ هەر کاتژمێرێک کارپێکردنی مۆلیدەکانیش 40 دیناریان پێدەدرێت، کە حکومەت پارەکە دەدات نەک هاووڵاتیی، پێویستە بەبێئەوەی حکومەت داوایان لێبکات خۆیان ئیش بە مۆلیدەکان بکەن.

 

لەبارەی غازی ماڵانیشەوە وتی دڵناییدەدەنە هاووڵاتییان کە هیچ گرفتێک بۆ غازی ماڵان دروستنابێت و بەشی خواستی هاوڵاتییان غاز هەیە.

 

 

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی، 11 هەمین جارە هێرش بکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە جارێکیان چوار کارمەندی بیانیی بوونەوە قوربانیی، بۆیە پێویستە سیستمی بەرگریی بۆ کێڵگەی کۆرمۆر دابنرێت، تا هێرشەکان چەندبارە نەبنەوە...

14 جار خوێندراوەتەوە