تێچوی موچەی هەرێم لەسەر بەغداد تەنها 280 ملیار دینارە

KNN : Kurdish News Network
11:01 - 19/11/2025
کوردستان
+
-

تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە و سکرتێری حکومەتیش دەڵێت: دوای ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت داهاتی نانەوتی هەرێم: داهاتی خۆمان 71% ی مووچەی مانگانە دابین دەکات.

هەواڵ:KNNC


ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕیگەی بەندەری جەیهانەوە، لە ئێستادا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش  هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی پێویستی موچەی مانگانە دابین دەکات.

 

بەپێی قسەکانی سکرتێری حکومەت و ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای نەوتی باکور خستویەتییەڕوو، بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت 64.79$) دەکاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە.

 

هەروەها بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق.

 

خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە و بە لێدەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی پێویستی مووچەی هەرێم، کەواتە تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها (280 ملیار) دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە 30%ی مووچەی مانگانە.

 

ئامانج ڕەحیم ڕوونکردنەوەسی داوە لەبارەی ئەوەی، کە هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکەین کە 16$ ە بۆ یەک بەرمیل، ئەو کات کولفەی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە کولفەی نەوتیشەوە تەنها نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە، و ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی  60% ی مووچەی خۆی لە داهاتی خۆی دابینکردوە...

189 جار خوێندراوەتەوە