ڕێبەر ئەحمەد: گۆڕینی ڕژێم و سەرۆکوەزیرانەکان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت

KNN : Kurdish News Network
12:34 - 19/11/2025
کوردستان
+
-

ڕێبەر ئەحمەد دەڵێت: عێراق و سوریا لەبەردەم مەترسیی گەورەدان و دەبێت کەلتوری بەڕێوەبردن بگۆڕێت و مافی تەواوی پێکهاتەکانی بدرێن، ئەوەی گرنگە گۆڕانی بیروباوەڕە نەک ڕژێم و حکومەتەکان.

 

 

هەواڵ:KNNC

 

 

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێپسەوە ڕایگەیاند: لە 100 ساڵ ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکیک بووە لە ناوچە پڕکێشەکانی ناوچەکە، کە پەیمانی سایکسپیکۆ بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت کە بووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتنەتەوە و پێشێلی مافی ئەوانی دیکە بەدابەشکردنی خاک و خەڵکەکەی کە کوردیش بووە قوربانیی پڕۆسەکە.

 

ڕێبەر ئەحمەد وتی، ئەو کەلتورەی لە عێراق و سوریا بەڕێوەبەرییان کردوە شکستخواردوو دواکەوتووبوون و ئاشتییان زەوتکرد،
ئەو دەرفەتەی پاش پڕۆسەی ئازادیی بۆ عێراق دروستبوو، عێراقێکی دیموکراتی نەهێنا کە بە خواستی خەڵکەکەی بێت، کەلتوری بەڕێوەبردنی دوای 2003 هەمان کەلتوری بەڕیوەبردنی پێش 2003ن، لە 22 ساڵی ڕابردوودا هەوڵ نەدرا زامی کورد و عێراقییەکان، لە کۆمەڵکوژیی و تاوانەکان ساڕێژ بکرێت، بۆیە هیچ کات نابێت چاوەڕوانی سەقامگیریی لە عێراق بکەین.

 

 

ڕێبەر ئەحمەد وتی کە بۆ چارەسەری کێشەکان بە گۆڕینی بیروباوەڕە و دەبێت سەرکردەکانیش دان بەوەدا بنێن کە کە کەلتورەکە هەڵەیە، دەبێت کوردێکی دانپێدانراو و عەرەبێک و هەر پێکهاتەیەک ڕێزلێگیراوبن وەک یەک، نەک تەنها ڕژێم و سەرۆکوەزیرانەکان بگۆڕێن، چونکە گۆڕینی دەموچاوە دەسەڵاتدارەکان هیچ لە باتەکە ناگۆڕێت.

 

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، کە دۆخی عێراق و سوریا هەمان دۆخیان هەیە و با هاونیشتیمانییانی ڕۆژئاوا دڵیان بە ڕێککەوتنەکان خۆشنەبێت، چونکە جێبەجێناکرێن و ئێمە لە هەرێمی کوردستان گیرۆدەی جێبەجێنەکردنی بەشێکی زۆری بەندەکانی ڕێککەوتنین.

 

ڕێبەر ئەحمەد وتی کە تاکە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەڕاستی ئاشتیی و پێکەوەژیانی تێدا بەرجەستەبووە هەرێمی کوردستانە، کە لەنێو تەواوی تاکەکانیدا ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بەدی دەکرێت.

 

باسی لە مەترسییەکانی ناوچەکە کرد و وتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و عێراق و سوریا بە تایبەتی لەبەردەم مەترسیی گەورە و ڕاستیینەدان بەشێکی کێشەکانیش نەدانی مافەکانی کوردە، تا مافی تەواوی گەلانی ناوچەکەش دەستەبەر نەبێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت...

80 جار خوێندراوەتەوە