عێراق دەیەوێت هێڵی شەمەندەفەر بگەیەنێتە سنوری زاخۆ

KNN : Kurdish News Network
12:50 - 06/10/2025
عێراق
+
-

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ئاشکرای دەکات هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی سەرجەم هێڵەکانی شەمەندەفەر دەستپێکردوە و لە هەوڵی دروستکردنی دوو هێڵی نوێدان کە  بەندەری فاو بە  فیشخابورەوە لە قەزای زاخۆ دەبەستێتەوە 

 

هەواڵ:KNNC

مەیسەم ئەلسافی بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن  رایگەیاندوە؛ وەزارەتەکەیان پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە پەرەپێدانی هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوا کە بەهۆی چالاکیی باندە تیرۆریستییەکان زیانیان بەرکەوتوە و ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی ئابوریی نیشتمانی و زیادکردنی توانای گواستنەوەی کاڵا و سەرنشینەکان.


ناوبراو دەشڵێت؛ جگە لەوەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی کارەکانیان لە شاری موسڵ و ناوچەی ڕۆژهەڵاتەوە تا بەغدا دەستیپێکردوە، دوو هێڵی دیکەش لە دروستکردندان کە شاری فاو بە پیشخابورەوە دەبەستێتەوە.

 


ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لە هەماهەنگی بەردەوامدان لەگەڵ حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان بۆ گەڕاندنەوەی کارپێکردنی هێڵە وەستێندراوەکان، لەنێویاندا هێڵی بەغدا-کەرکوک.

 


مەیسەم جەختیشیکردوەتەوە؛ جگە لە دروستکردنی هێڵی نوێی هێڵی ئاسنین، ساڵی ڕابردوو 12 هێڵیان  بەگەڕ خستوەتەوە و ئەو پڕۆژانە ڕەنگدانەوەی پابەندبونی وەزارەتن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوە و پاڵپشتیکردنی بازرگانی و گواستنەوەی هەرێمایەتی لە عێراق.

 

 ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەى یەکەم قۆناغى پڕۆژەى رێگەى ستراتیژى گەشەپێداندایە، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، رێگەی وشکانی و ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە پارێزگاى بەسرەى بە فیشخابورەوە دەبەستێتەوە و مەبەست لێی گرێدانی عێراق  و تورکیایە بە جیهانەوە و درێژی هێڵە ئاسنینەکە هەزار و 175 کیلۆمەتر دەبێت .


243 جار خوێندراوەتەوە