لیژنەی
دەستپاکی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە، دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرس و
بەڵێندەری بە تۆمەتی گەندەڵی لە فەرمانگەی شارەوانیی شارەکە ڕاگەیاند.
ئەحمەد سەقەر
باشات، سەرۆکی لیژنەکە ڕایگەیاند؛ هێزێکی ئەمنیی هاوبەش لە دەزگای ئاسایشی
نیشتمانی و شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی
فیدراڵی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامداوە و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی فەرمانگەی
شارەوانیی دیوانیە و چەند بەڵێندەرێک بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی
دەستگیرکراون.
سەرۆکی لیژنەی
دەستپاکی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە دوای
ئاشکرابوونی چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی دێت و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دەست بەسەر
چەندین مامەڵە و مۆردا بگرن کە گومان دەکرێت سەر بە فەرمانگەی شارەوانیی دیوانیە
بن و لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لەلای تۆمەتبارەکان بوون.
جەختیشی کردەوە
کە لێکۆڵینەوەکان تا ئەم ساتەش بەردەوامن بۆ زانینی تەواوی وردەکارییەکان، تاوەکو
دۆسیەکان ئامادە دەکرێن و تۆمەتباران ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
127 جار خوێندراوەتەوە